ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە، چاڤی هێرناندێز بەگرنگییەوە لە پێدری دەڕوانێت و پێیوایە هاوشێوەی ئەندرێس ئینێستایە.
دوای بردنەوەی ئەستێرەکانی ئازولگرانا بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێوەڵام بەرامبەر یانەی ئەتلەتیک بلباو، چاڤی هێرناندێزی ڕاهێنەری یانە کەتەلۆنییەکە بە میدیاکانی ڕاگەیاند، “شێوازی تێگەیشتنی لە تۆپی پێ، چۆنیەتی جوڵەکردنی لەنێوان هیڵەکاندا ئەندرێس ئینێستام بیردەخاتەوە، پێدری یاریزانێکی ناوازەیە، لە تەمەنی وەرزشیمدا کەم یاریزانم بەو ئاست و بەهرەیەوە بینیوە”.
هەروەها لەبارەی چانسی بارسا بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی ئەم وەرزەی لالیگا (2021/2022)، دەڵێت، “لەئێستادا هیچ شتێک مەحاڵ نییە، لەگەڵ ئەوەی ڕیاڵ مەدرید بەهێزە، بەڵام پێویستە ئێمە بۆ پلەکانی سەروتر سەربکەوین، لەپلەی چوارەمداین و دەبێت وەک سەرەتایەک بگەین بە پلەی سێیەم”.
یانەی بەرشلۆنە دوای گرێبەستکردنی لەگەڵ چاڤی هێرناندێز چووەتە قۆناغێکی نوێوە، لە پلەی هەشتەمی ڕیزبەندیی یانەکانی لالیگاوە بۆ پلەی چوارەم سەرکەوتوون، هەروەها ئاستی یاریکردنیان بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە.