لە بیلاڕوسیا، كۆبوونەوەی هەردوو شاندی ڕوسیا و ئۆكرانیا دەستیپێكرد، ڕوسیا مەرجەكانی خۆی ئاشكرا ناكات، لەكاتێكدا ئۆكرانیا نەبوونی مەرجی پێشوەختە دووپاتدەكاتەوە، شاندی هەردوو وڵات ئەندامی سەربازیی تێدایە.
گفتوگۆكان لە كەرتی “گۆمیل” لە بیلاڕوسیا بەڕێوەدەچن، پێش دەستپێكی كۆبوونەوەكە، ڤلادیمێر ماكی، وەزیری دەرەوەی بیلاڕوسیا وتارێكی پێشكەشكرد، ڕوو لە هەردوو شاندەكە وتی، “هەست بە ئارامی بكەن”، ئامادەیی جێبەجێكردنی تەواوی داواكاریی شاندەكاتیشی دووپاتكردەوە.
پێشتریش دیمیتری بیسكۆڤ، وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتیی ڕوسیا لە لێدوانێكدا دڵتەنگیی مۆسكۆی ئاشكراكرد بەوەی گفتوگۆكان دوێنێ دەستیانپێنەكرد.
بیسكۆڤ ڕەتیكردەوە داواكارییەكانی ڕوسیا ئاشكرابكات كە بەنیازن ئاراستەی لایەنی ئۆكرانی بكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا بوو “گفتوگۆكان بە هێمنی بەڕێوەبچن”.
لای خۆیەوە نووسینگەی ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئامانجی سەرەكیی گفتوگۆكان لەگەڵ ڕوسیا وەستانی دەستبەجێی شەڕ و كشاندنەوەی هێزەكانی ڕوسیایە.
لە شاندەكانی ئۆكرانیا و ڕوسیا، جگە لە دیپلۆماتكار و كەسایەتیی سیاسی، فەرماندەی سەربازیشی تێدایە، ئۆكرانیا ئەلێكسی ڕیزنیكۆڤ وەزیری بەرگریی وڵاتەكەی لەگەڵ شاندەكە ناردووە، لایەنی ڕوسیش جێگری وەزیری بەرگریی وڵاتەكەی ناردووە لەگەڵ شاندەكە.