وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، وڵاتەكەی پێیوایە جەنگ لە ئۆكرانیا درێژەبكێشێت و دەشڵێت، لەندەن تاوتوێی چۆنیەتیی هاوكاریكردنی ئاوارەبووانی ئۆكرانیا دەكات.
لیز ترۆس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هۆشداریشیدایە ڕوسیا بۆ زیادنەكردنی بارگرژییەكان و ئاماژەی بەوەكرد، ئەم هەنگاوە دەبێتە سەرەتای كۆتاییهاتنی ڤلادیمێر پوتین.
ترۆس ئەوەشی خستەڕوو، بەریتانیا لەمیانەی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی حەوت پشتیوانیی سنوورداركردنی هەناردەی نەوتی ڕوسیا دەكات.
دوێنێش حكومەتی بەریتانیا گەیشتنی هێزە وشكانی، دەریایی و ئاسمانییەكانی بۆ بەهێزكردنی هێزەكانی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ڕاگەیاند.
ڕۆژێك پێشتریش سڕكردنی سامانی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ڕوسیا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاند.
بەرەبەیانی پێنجشەممەی ڕابردوو هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆكرانیا دەستیپێكرد و تائێستا درێژەی هەیە، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا ڕووبەڕووبوونەوەی توند لەنێوان هەردوولا ڕوویانداوە و بەردەوامە.