چێوەی هەماهەنگی ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانە ئاشكرادەكات كە چوونەتەپاڵی و دەڵێت، بەمنزیكانە هاوپەیمانیی ڕادەگەیەنن و پەرلەمانتارێكیشیان پێشبینیدەكات لە پرسی پۆستی سەرۆك كۆماردا سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە ببێتەوە.
مەحمود یاسین حەیانی سەركردە لە چێوەی هەماهەنگی (كۆكەرەوەی هەموو لایەنە شیعییەكان جگە لە ڕەوتی سەدر) ڕایگەیاند، تا ئێستا 133 بۆ 135 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە دەوری چێوە كۆبوونەتەوە.
وتیشی، “بەمنزیكانە هاوپەیمانییەك ڕادەگەیەنین و ژمارەی ئەندامەكانی لەنێوان 133 بۆ 135 پەرلەمانتاردا دەبن، چونكە ژمارەیەك پەرلەمانتاری سەربەخۆ و چەند پەرلەمانتارێكی لایەنەكانی تریش پەیوەندییان بە چێوەی هەماهەنگی-یەوە كردووە”.
بەپێی وتەی حەیانی، بەردەوامن لە گفتوگۆ لەگەڵ ڕەوتی سەدر و لایەنەكانی تر بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوبەشانی سیاسیی كارادا كاربكەن.
هاوكاتی ئەم لێدوانە، محەمەد زیادی پەرلەمانتاری چێوەی هەماهەنگی لەبارەی هەڵوێستی چێوە تایبەت بە پۆستی سەرۆك كۆمار دوا و ڕایگەیاند، نابن بە لایەن لەو ململانێیەی لایەنە كوردەكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار هەیانە.
زیادی بۆ میدیای عێراقی قسەیكردووە و پێیوایە سیناریۆی 2018 لە پرسی سەرۆك كۆماردا دووبارە ببێتەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستەكە لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-ـەوە.