سەرەڕای مەترسییەكانی تیشكدانەوە.. بۆچی ڕوسیا و ئۆكرانیا لەسەر چێرنۆبڵ ململانێیانە؟

گرنگی ناوچەی وێستگەكە لەچیدایە؟

دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیا هۆشدارییاندا لە زیادبوونی ئاستی تیشكدانەوە لە نزیك وێستگەی ئەتۆمیی چێرنۆبڵ-ی پەككەوتوو، ئەمەش پاش كۆنتڕۆڵكردنی لەلایەن هێزەكانی ڕوسیاوە لە یەكەم ڕۆژی داگیركردنی ئۆكرانیا. گرنگی وێستگەكە لەچیدایە و بۆچی بووە یەكەم ئامانجی ڕوسیا؟

ئاژانسی ئەتۆمی و وەزارەتی ناوخۆی ئۆكرانیا ڕایانگەیاند، زیادبوونی ئاستی تیشكدانەوەی ئەتۆمیان لە وێستگەی چێرنۆبڵ-ەوە تۆماركردووە.

شارەزایانی ئاژانسی ئەتۆمی سەر بە دەوڵەت بڕی تیشكدانەوەكەیان بڵاونەكردەوە، بەڵام ئاماژەیان بەوەدا كە گۆڕانكارییەكە بەهۆی جموجوڵی ئامێرە سەربازییە قورسەكان بووە لە ناوچەكەدا كە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی خۆڵی ژەهراوی بۆناو چینەكانی هەوا.

وەزارەتی ناوخۆش بڵاویكردەوە، “ئاستی تیشكدانەوە ڕوو لە زیادبوونە، لەكاتی ئێستادا بۆ كیێڤ مەترسیدارنییە، بەڵام چاودێریی دەكەین”

باڵیۆزی ئۆكرانیا لە ژاپۆن لای خۆیەوە هۆشداریدا لەوەی ئەوروپا لە بەردەم مەترسی “ژەهراویبوونی ئەتۆمی”دایە ئەگەر وێستگەی چێرنۆبڵ، كە ئێستا لەژێر دەستی ڕوسیادایە، تووشی زیان بێت یان چاكسازیی هونەری دروستی بۆ نەكرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە هێزەكانی ڕوسیا و ئۆكرانیا شەڕی قورسیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی وێستگەی چێرنۆبڵ ئەنجامدا كە تائێستا تیشكدانەوەی ئەتۆمی لێوەدەردەچێت لەدوای گەورەترین ڕووداوە ئەتۆمییە جیهانییەكە.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی لە تویتەرەوە بڵاویكردەوە، “بەرگریكاران لە گیانمان خۆیان دەكەنە قوربانی بۆ ئەوەی كارەساتەكەی 1986 دووبارە نەبێتەوە”. تویتەكە پێش ئەوەبوو هێزەكانی ڕوسیا وێستگە ئەتۆمییەكەی پێشوو كۆنتڕۆڵ بكەن، كە ئاگركەوتنەوە و تەقینەوەیەكی گەورەی لەو ساڵەدا تیاڕوویدا.

مەترسیدارترین ناوچەی جیهان كوێیە كە ئۆكرانیا كار بۆ پاراستنی دەكات؟

كەواتە سەرەڕای مەترسییەكانی بۆچی هەردوو لایەنی شەڕ دەیانەوێت وێستگە ئەتۆمییە لەكاركەوتووەكە كۆنتڕۆڵبكەن، لەكاتێكدا زەوییەكانی دەوروبەری بە چەندان میل ژەهراوین بە ئەتۆم؟

وەڵامەكە جوگرافیایە. چێرنۆبڵ دەكەوێتە سەر ڕێگای كورتی نێوان بیلاڕوسیا بۆ كیێڤ-ی پایتەختی ئۆكرانیا. بەمەش وێستگەكە دەكەوێتە سەر ڕێگای هێرشی هێزەكانی ڕوسیا بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا.

شیكارانی سەربازیی ڕۆژئاوایی دەڵێن، بە كۆنتڕۆڵكردنی چێرنۆبڵ لەلایەن ڕوسیاوە، بەئاسانی وەك خێراترین ڕێگا بۆ داگیركردن لە بیلاڕوسیا-ی هاوپەیمانی مۆسكۆوە بەكاردەهێنرێت و دەبێتە خاڵی دەرچوونی هێزەكانی ڕوسیا بەرەو كیێڤ. جیمس ئەكتۆن، لە دامەزراوەی كانیگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی دەڵێت، “ئەمە كورتترین ڕێگایە”.

لای خۆیەوە جاك كین، فەرماندەی پێشوو لە ئەركانی سوپای ئەمریكا دەڵێت، چێرنۆبڵ “هیچ گرنگییەكی سەربازی نییە”، بەڵام دەكەوێتەسەر كورتترین ڕێگا لە بیلاڕوسیاوە بەرەو كیێڤ، ئامانجی ستراتیژیی هەوڵەكانی ڕوسیا بۆ وەلانانی حكومەتی ئۆكرانیا.

كین دەڵێت، ڕێگاكە یەكێك لەو چوار میحوەرەی هێزەكانی ڕوسیا بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا بەكاریدەهێنن.

وێستگەی چوارەمی چێرنۆبڵ كە 108 كیلۆمەتر لە باكووری كیێڤ-ەوە دوورە لە نیسانی 1986 لەمیانەی تاقیكردنەوەیەكی شكستخواردووی سەلامەتی تەقییەوە، تیشكدانەوەی ئەتۆم گەیشتە زۆرینەی ئەوروپا و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش.

تیشكدانەوەی سیزیۆم، پلۆتۆنیۆم و ئەسترۆنتیۆم بەشێوەیەكی سەرەكی كاریگەری لەسەر ئۆكرانیا و بیلاڕوسیای هاوسێ و ناوچەكانی ڕوسیا و ئەوروپا دروستكرد. هەڵسەنگاندنەكانی پەیوەندیدار بە مردنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هۆكاری كارەساتەكە بە هەزاران تا نزیكەی 93 هەزار حاڵەتی مردن بەهۆی شێرپەنجە لە سەرجەم ناوچەكانی جیهان دەخەمڵێندرێت.

بابەتی پێشتر

‏"كەوتنی نزیكە"‏ <br> شەڕ لەناو كیێڤدایە.. زیلینسكی هەر لە پایتەختە و دەڵێت "چەك دانانێین"‏

بابەتی دواتر

لە گوگڵ گەڕان بەدوای چۆنێتی دروستکردنی مۆلۆتۆڤ لەلایەن ئۆكرانییەكانەوە ‏زیادیكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share