نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 2022/10/1ی دیاریكرد وەك واددەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
ماڵپەری سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، ” ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022/2/24، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ـ عیراق واژوو كرد”.
لە فەرمانه هەرێمییهکهدا هاتووە، “بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005، یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ـ عیراق، هەمواركراو، ڕۆژی 2022/10/1 وەك ڕۆژی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشانكرا”.
هەر بەپێی فەرمانەكە، “پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەك پەرلەمان و حكومەت و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، دەست بە ڕێكارە پێویستەكان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بكەن”.
دیاریكردنی واددەكە لەكاتێكدایە، تا ئێستا لایەنەكان لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ڕێكنەكەوتوون.