چین دەڵێت، ڕوسیا بڕیاری دەستپێكردنی هێرشە سەربازییەكەی بۆسەر ئۆكرانیا داوە بەشێوەیەكی سەربەخۆ و بێ ڕاوێژ لەگەڵ پەككین-دا، دەشڵێت پرۆسەكە “داگیركاری نییە”.
هوا چۆن یینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ لە كورتە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، ڕوسیا وڵاتێكی گەورەیە و بەشێوەی سەربەخۆ لەسەر بنەمای بڕیارە ستراتیژییەكانی هەڵسوكەوت دەكات، پێویستی بە ڕەزامەندی چین نییە بەر لە گرتنەبەری هەر هەنگاوێك.
وتیشی، چین بە چڕی چاودێریی پێشهاتەكان لە ئۆكرانیا دەكات و داواشی لە سەرجەم لایەنەكان كرد “دانبەخۆدابگرن و ڕێگەنەدەن دۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆڵدا دەربچێت”.
هوا ڕەتیكردەوە پرۆسە سەربازییەكەی ڕوسیا بە “داگیركاری” ناوببات و ئاماژەی بەوەكرد، ئەم دەستەواژەیە لایەندارانەیە.
دوپاتیشیكردەوە، كێشەی ئۆكرانیا “باكگراوندێكی مێژوویی زۆر دژواری هەیە” و “هۆكاری جۆراوجۆر”ی لەپشتەوەیە، جەختیشیكردەوە چین و ڕوسیا پەرەیان بە هاوبەشییە ستراتیژییە بەرفراوانەكانی نێوانیان داوە لەسەر بنەمای یەكسانی.
لەو چێوەیەدا ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی چین لە ئۆكرانیا داوای لە هاوڵاتییانی كرد ئەوپەری خۆپارێزی بكەن و ڕێنوێنی كردن تا دەتوانن لە ماڵەكانیاندا بمێننەوە.