گۆڕانی ئاووهەوا و گۆڕینی بەكارهێنانی زەوی دەبێتە هۆی زیادبوونی سوتانی دارستانەكان و زیادبوونی ڕووداوەكانی ئاگركەوتنەوە لە جیهاندا بەڕێژەیەك كە دەگاتە 50% بە گەیشتنە كۆتایی ئەم سەدەیە، بەپێی ڕاپۆرتێك كە بەمدواییە بڵاوكراوەتەوە.
ڕاپۆرتەكە كە لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە و Grid-Arendal، كە ناوەندێكی پەیوەندیی ژینگەیی قازانج نەویستە بە ناونیشانی “بڵاوبوونەوە وەك ئاگری ناو كا: زیادبوونی نائاسایی ئاگركەوتنەوەی ناوچە سروشتییەكان” بڵاوكراوەتەوە دەڵێت، مەترسی ڕوو لە زیادبوونە تەنانەت سەبارەت بە جەمسەری باكوور و ئەو ناوچانەی دیكە كە پێشتر كاریگەریی سوتانی دارستانەكانیان لەسەر نەبووە.
ئاماژە بەوەشدەكات، زیادبوونی ئاگركەوتنەوەی گەورە لەسەر ئاستی جیهان تا ساڵی 2030 دەگاتە 14% و، 30% لەگەڵ كۆتایی ساڵی 2050 و 50% بە گەیشتنە ساڵی 2100.
ڕاپۆرتەكە داوای گۆڕانكاریی بنەڕەتی دەكات لە خەرجی حكومیی دەربارەی سوتانی دارستانەكان و گۆڕینی لە كاردانەوە و بەدەنگەوەهاتنەوە بۆ پارێزگاری و ئامادەسازی.
ئەنگر ئەندرسۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە دەڵێت، زۆرجار كاردانەوەی حكومەتەكانی ئێستا بەرامبەر سوتانی دارستانەكان تەرخانكردنی پارەیە لە شوێنی هەڵەدا.
وتیشی، “كارمەندانی خزمەتگوزاری لەناكاو و ئاگركوژێنەوەی هێڵەكانی پێشەوە كە ڕیسك بە ژیانیانەوە دەكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوتانی دارستانەكان پێویستیان بە پاڵپشتییە. لەسەرمانە مەترسیی سوتانی زۆری دارستانەكان كەمبكەینەوە لەڕێی ئامادەكاری بەشێوەی باشتر: وەبەرهێنانی زیاتر لەبواری سنووردانان بۆ مەترسی ئاگركەوتنەوە و كاركردن لەگەڵ كۆمەڵگا ناوخۆییەكان و، پەرەپێدانی پابەندیی جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا”.