نوێنەری زیندانیانی بادینان: پێویستە حکومەتی ھەرێم بەچاوی دوژمن سەیری ئازادیخوازان نەکات

نوێنەری زیندانیانی بادینان پێشوازی لە بڕیاری كەمكردنەوەی سزای چالاكوانان دەكات داواش لە حكومەت دەكات “بەچاوی دوژمن سەیری كەسانی ئازادیخواز نەكات” و دەڵێت، بەرتەسکردنەوەی ئازادی بیروڕا و بەحزبیکردنی دەستەڵاتی دادوەری لێکەوتەی خراپی دەبێت و ناوبانگی ھەرێم ناشرینتر دەكات.

ئەیھان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان پەیامێكی دەربارەی کەمکردنەوەی سزای چالاكوانانی زیندانكراو بڵاوكرەدەوە و دەڵێت، خواستی ڕای گشتی و ئێمەش وەکو کەسوکاری زیندانیانی بادینان ئەوەبوو، ڕۆژنامەنوس و چالاکە مەدەنییەکانی بادینان بەپێی یاسا بێتاوان بناسرێن و پێشینەی تاوان لەسەریان نەمێنێت و ئازادبکرێن (بە دیدی ئێمە و ڕای گشتی ئەوان بێتاوان و زوڵملێکراون)، چونکە بێبەشکران لە مافی بینینی پارێزەران، کە دژی (اصول محاكمات جزائية)یە، بێ ھەبوونی بەڵگە ماددەی یاساییان لە یاسای ژمارە 35ی رۆژنامەگەری و یاسای ژمارە 11ی خۆپیشاندان گۆڕیویانە بۆ ماددەی 1ی ژمارە 21ی یاسای تێکدانی ئەمنی کە ھەمواری یاسای ژمارە 156ی سزادانی عێراقیە، تەنانەت ئەو نادادییە دژ بە ڕەچاوکردنی سادەترین بڕگەکانی یاسایی و بەندەکانی دەستوری عێراق و بگرە دژ بە (13) ماددەی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بوون.

دەشڵێت، “پێویستە لەمەودوا دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت، حکومەتی ھەرێمیش بە چاوی دوژمن سەیری کەسانی ئازادیخواز نەکات و وەکو سەرۆکایەتی ھەرێم ڕۆڵی ئیجابی ھەبێت، ئەم پرسە بە ڕق و تەحەدا وەرنەگرێت”.

نوێنەری زیندانیانی بادینان داواشدەكات هەمان بڕیار بۆ ئەو چالاک و ڕۆژنامەنوسە حوکمدراوانەی دیکەی بادینان دەربکرێت کە لەسەر ئازادی بیروڕا لە زیندانن، پرۆسەی دادگاییکردنی زیندانیانی شێلادزێش دەستپێبکرێت و ئازادبکرێن کە نزیكەی ساڵێک و سێ مانگە لە ئاسایشی گشتی دەستبەسەرن.

لە كۆتاییدا دووپاتیدەكاتەوە، “بەرتەسکردنەوەی ئازادیی بیروڕا و بەحزبیکردنی دەسەڵاتی دادوەری و بەکارھێنانی بۆ مەرامی سیاسی مەترسییە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی لە ھەرێمی کوردستان- عێراق، نەبوونی نەفەسی ئازادی، ئۆتۆماتیکی خەڵک بەرەو توندوتیژی ھاندەدەن و لێکەوتەی خراپی دەبێت و ناوبانگی ھەرێمەکەشمان ناشرینتر دەبێت و لە بەرژەوەندی ھیچ لایەنێکدا نیە”.

بە فەرمانی سەرۆكی هەرێم، سزای زیندانیكردنی پێنج چالاكوانە سزادراوەكەی بادینان كەمكرایەوە بەڕێژەی 60%، بەوپێیە بێت، نزیكەی شەش مانگی دیكە ئازاددەكرێن.

ئەو چالاكوانانەی فەرمانی سووككردنی سزاكان دەیانگرێتەوە، بریتین لە شێروان شێروانی، شڤان سەعيد، ئەیاز كەرەم، هاریوان عیسا و گوهدار حەمەدەمین، كە پێشتر سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرابوو.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە وەکو یەکێتی بەرەوڕووی هەر دەستپێشخەرییەک دەچین کە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان بێت

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە سه‌ڵاحه‌دین محەمەد به‌ها‌دین، ئەمیندارى گشتیی یه‌كگرتووى ئیسلامیى كوردستان کرد. لە…
زیاتر ببینە

سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی: 23 هەزار پارچەزەویمان دابەشکردووە و یەک دینارمان بۆ خەرجنەکراوە

سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، 23 هەزار پارچەزەویمان دابەشکردووە و بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دینارێکی خەرجنەکردووە بۆمان. لەیلا عومەر،…
زیاتر ببینە

بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی: هەر بریکارێک دوابکەوێت لە گەڕاندنەوەی پارەی بەشەخۆراک سزا دەدرێت

بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، 30 بریکاری خۆراکمان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەگەر ئەم مانگە دوابکەون لە…
Total
0
Share