ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبووەوە، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بوو سەبارەت بە پرسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەکە ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند، بڕیارەکە نادەستوورییە و هەرێم داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خۆی دەکات.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆ دەربارەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە ڕۆژی 2022/2/15 تایبەت بە کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان کرا، ڕاشیگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نادەستووری و نادادپەروەرانە دادەنێت.
ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردووەتەوە، کە هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پارێزگاریکردن و داکۆکیکردن لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی ھەروەک لە دەستووری عێراق جێگیرکراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە هەڵوێستی نەگۆڕدەبێت لە بەردەوامیدان بەکارکردنی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە.