سێ له‌سه‌ر چوارى عێراق تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كارده‌هێنن

ژماره‌ى به‌كارهێنه‌رانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ عێراق ڕووی له‌ زیادبوون كردووه‌ و به‌ پێی ئامارێك له‌ ساڵى ڕابردوودا سێ ملیۆن و 500 هه‌زار به‌كارهێنه‌رى تۆڕه‌كان زیادیكردووه‌.

سه‌نته‌رى تایبه‌تى دیجیتاڵ میدیاى سه‌ربه‌ حكومه‌تى عێراق، له‌ ئامارێكدا ئاشكرایكردووه‌، ژماره‌ى به‌كارهێنه‌رانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تادێت له‌ عێراق ڕوو له‌زیادبوون ده‌كه‌ن.

ئاشكراشیكردووه‌، ته‌نها له‌ ساڵى ڕابردوو سێ ملیۆن و 500 هه‌زار به‌كارهێنه‌رى نوێی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ عێراقدا تۆماركراون، به‌وه‌ش له‌ كۆی 41 ملیۆن هاوڵاتیی عێراقی 30 ملیۆنیان تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌كارده‌هێنن كه‌ ده‌كاته‌ سێ له‌سه‌ر چوارى دانیشتووان.

سه‌نته‌ره‌كه‌ باسی له‌وه‌شكردووه‌، ژماره‌ى به‌كارهێنه‌ران به‌راورد به‌ ساڵى ڕابردوو ژماره‌یان زیادیكردووه‌، به‌جۆرێك تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیى فه‌یسبووك خاوه‌نى 18.85 ملیۆن به‌كارهێنه‌ره‌.

هه‌روه‌ها ئینستگرام خاوه‌نى 15.45 ملیۆن به‌كارهێنه‌ر و تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تى سناپچاتیش ژماره‌ی به‌كارهێنه‌رانى گه‌یشتووه‌ته‌ ‌ 13.8 ملیۆن به‌كارهێنه‌ر.

هه‌رچی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ره‌ خاوه‌نى 1.9 ملیۆن به‌كارهێنه‌ره و 1.4ملیۆن كه‌سیش به‌كارهێنه‌رى لینكید ئینن.

هاوكات فه‌یسبووك مه‌سنجه‌ریش خاوه‌نى 16.15 ملیۆن به‌كارهێنه‌ره‌.

هه‌ر به‌پێی داتاكانى سه‌نته‌ره‌كه‌، ژماره‌ى به‌كارهێنه‌رانى سناپ چات و ئینستگرام به‌راورد به‌ فه‌یسبووك و فه‌یسبووك مه‌سنجه‌ر زیاتر بووه‌، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆر به‌كارهێنه‌ر له‌ عێراق هه‌ژماره‌كانیان كێشه‌ى بۆ دروستبووه‌ یان له‌ كارخراون.

بابەتی پێشتر

جۆنسن: ڕوسیا ئامادەکاریی بۆ گەورەترین جەنگی دوای ساڵی 1945 دەکات لە ئەوروپادا

بابەتی دواتر

كۆبوونەوەی خاشاك لە چەمچەماڵ مەترسیی نەخۆشیی دروستكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share