دادگای فیدراڵی ‏باسیكرد
پەرلەمان ئاگاداری ئەو نەوتەی هەرێم نییە كە لە ئیسرائیل داگیراوە

پەرلەمانتارێكی لیژنەی وزە ڕایدەگەیەنێت، لەبارەی ئەوەی نەوت بە كێ و چۆن دەفرۆشرێت حكومەتی هەرێم هیچ زانیارییەك بەوان نادات، پێشیوایە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە.

شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، حكومەتی هەرێم هیچ زانیارییەك بە ئێمە نادات لەسەر ئەوەی نەوتی بە كێ فرۆشتووە، بە چەند و چۆنی فرۆشتووە.

وتیشی، “بەڵام ئێمەش لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە بیستومانە كە گوایە، نەوتی هەرێم فرۆشراوە بە چەند كۆمپانیایەك و ئەو كۆمپانیایانە نەوتەكەیان بە ئیسرائیل فرۆشتووەتەوە”.

دوابەدوای بڕیارەكەی سێشەممەی ڕابردوو 15ی ئەم مانگەی سەبارەت بە ڕادەستكردنی نەوت و كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم، ڕۆژی پێنجشەممەش دادگای باڵای فیدراڵی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا سەبارەت بە یەكێك لە هۆكارەكانی بڕیارەكەی ئاماژەی بەوەكردووە كە حکومەتی هەرێمی کوردستان دانیناوە بە گواستنەوە و بەتاڵکردنەوەی کەشتیی نەوتی لە ئیسرائیل.

سەبارەت بەو بڕگەیەی ڕوونكردنەوەكە شێركۆ جەودەت دووپاتیكردەوە، “هیچ زانیارییەكمان وەكو بەڵگەی فەرمی دەستنەكەوتووە، حكومەتیش هیچ زانیارییەكمان لەو ڕووەوە ناداتێ”.

دەربارەی سەرنج و ڕایان لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیش، ئەندامەكەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان وتی، “بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تێبینی لەسەرە، دەبوایە ڕەچاوی ماددەی 112ی دەستووری بكردایە كە ڕێگەدەدات بە هەرێم بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی ناوەند وەبەرهێنان لە كێڵگەكانی نەوتی دوای ساڵی 2005دا بكەن”.

لەكاتێكدا بڕیارەكە دەڵێت، پێویستە تەواوی نەوت و كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم ڕادەستی ناوەند بكرێت و باسی كێڵگەكانی پێش 2005 و دوای ئەو ساڵەی نەكردووە، ئەگەرچی ماددەی 112ی دەستوور بە ڕوونی ئاماژەی پێكردووە، شێركۆ جەودەت وای وت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوەشكرد، “بەشێوەیەكی گشتی بڕیارەكە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە، بەڵام دژ بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانە”.

پێنجشەممەی ڕابردوو دادگای فیدراڵی سووربوونی خۆی لەسەر بڕیارەكەی لەبارەی نادەستووریبوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان نیشاندا و ڕایگەیاند، سکاڵای تۆمارکراو بە ژمارە (59 / فیدراڵی / 2012) و یەکلاییکردنەوەی لە 15/2/2022، کە تایبەت بووە بە نادەستووریبوونی یاسای نەوت و غازی کوردستان، دەرچوونی بڕیارەکە لەسەر بنەمای مادەکانی (110، 111، 110، 115 ،121 و130)ی دەستووری عێراق بووە و پێشتریش دادگایەکی ئەمریکا لەسەر سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕیارێکی بەهەمان ناوەڕۆکەوە دەرکردووە، کە دژی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو.

دادگای فیدراڵی ئاشكراشیكردووە، ئەوکات حکومەتی هەرێم تانەی لە بڕیارەکەی دادگاكەی ئەمریکا داوە و دادگای ئەو وڵاتەش لە 21ی کانونی یەکەمی ساڵی 2015 تێهەڵچوونەوەی بۆ دۆسیەکە کردووە، بەهەمان ناوەڕۆکی پێشتر بڕیاری لە بەرژەوەندیی وەزارەتی نەوتی عێراق دەرکرد.

بابەتی پێشتر

شۆفێرانی پاسەکان دژی گرانبوونی نرخی بەنزین گردبوونەوە

بابەتی دواتر

سەندیکای شۆفێران: پێشنیازی زیادکردنی کرێی پاسمان داوەتە قائیمقامیەت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share