ژنێكی ئەڵمانی بە تۆمەتی بەكۆیلەكردنی كچێكی ئێزدی سزادەدرێت

دادگایەكی ئەڵمانی سزای زیندانیكردنی بەسەر ژنێكی ئەڵمانیدا سەپاند بەتۆمەتی ئەندامێتی داعش، سەرەڕای چەندین تۆمەتی دیكە لەوانە “بەكۆیلەكردنی” كچێكی ئێزدی.

پاش نزیكەی شەش مانگ بەسەر دەستپێكی دادگاییەكەیدا، دادگایەكی ئەڵمانی لە شاری كۆبلنس لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە ئیدانەی ژنێكی ئەڵمانی (37 ساڵ)ی كرد بە ئەندامێتی لە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، هاریكاریكردن لە تاوانی كوشتنی بەكۆمەڵ.

كۆی ئەو سزایانەی دادگاكە رووبەڕووی تاوانباری كردەوە گەیشتە 9 ساڵ و سێ مانگ زیندانیكرد.

دادوەر رایگەیاند، سەلمێنراوە كە ژنەكە لەماوەی مانەوەیدا لەگەڵ داعش لە عێراق و سوریا “مامەڵەی خراپی لەگەڵ كچێكی ئێزدی كردووە و وەك كۆیلە لە ماڵەكەیدا بەكاریهێناوە بۆ بەرژەوەندییە كەسییەكان” ئەوەش بۆ ماوەی سێ ساڵ.

ئەوەشی وت، هاوسەری تاوانبار، تاوانلێكراوی هێناوەتە ماڵەكەیان و ناوبەناو دەستدرێژیی سێكسی كردووەتەسەر، تاوانبار هانی هاوسەرەكەی داوە بۆ تاوانی دەستدرێژییەكە. دادوەر پێیوایە تاوانبار “دەیتوانی و پێویست بوو لەسەری شتێك بكات” بۆ رێگری لەو تاوانە.

ژنەكە لە ساڵی 2014دا لەگەڵ هاوسەرەكەی چوونەتە سوریا بۆ چوونەپاڵ داعش، لە ساڵی 2015 چوونەتە شاری موسڵ لە عێراق. دەوترێت ژنەكە و هاوسەرە سورییەكەی ژمارەیەكی زۆری تەقینەوە و چەكیان لە ماڵەكەیاندا لە موسڵ ئەمبار كردووە.

لە ساڵی 2016، هاوسەرەكەی كچێكی ئێزدی (22 ساڵ)ی بردووەتەوە ماڵەكەی وەك كەنیزەك. كچەكە ناچاركراوە بە ئامادەكردنی خواردن، پاككردنەوە و چاودێریكردنی منداڵی ژن و مێردەكە. مێردی ژنە ئەڵمانیاكە بە ئاگاداری هاوژینەكەی دەستدرێژی كردووەتەسەر كچەكە و لێیداوە.

ژنە ئەڵمانییە تاوانبارەكە لە ساڵی 2022ەوە گەڕێندراوەتەوە وڵاتەكەی خۆی و لەوكاتەوە دەستبەسەر بووە.

بابەتی پێشتر

کەشناسی: پلەکانی گەرما بەرزتردەبنەوە و خۆڵبارین دەبێت

بابەتی دواتر

وەزیری تەندروستی: هەشت حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەرێم تۆماركراوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئارامۆ دەستگیركرا

ماوەی نزیكەی 10 رۆژە ئارامۆ، لە قەزای شەقڵاوە بە بڕیاری دادوەر دەستگیركراوە. بەپێی زانیارییەكان دەستگیركردنەكەی لەسەر سكاڵای كەسێك…
Total
0
Share