داوای بانگێشتكردنی كازمی بۆ پەرلەمان دەكرێت

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق

فراكسیۆنی سادیقوون داوادەكات بەهۆی جێبەجێنەكردنی یاسای بودجەی ساڵی ڕابردووەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بانگێشتی پەرلەمان بكرێت.

سادیقوون فراكسیۆنی بزوتنەوەی نوجەبا بەسەرۆكایەتیی قەیس خەزعەلی-یە لە پەرلەمان، دوای پەیامەكەی دوێنێی سەدر لەبارەی بەهای دۆلارەوە كە چەند پێشنیازێكی بۆ ڕێكخستنەوەی ئەو پرسە خستبووەڕوو، ئەمڕۆ عەدنان فەیحان سەرۆكی فراكسیۆنەكە داوایكرد سەرۆك وەزیران بچێتە ئەنجومەنی نوێنەران.

ڕاشیگەیاند، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و دوو جێگرەكەی فەرمانی موقتەدا سەدر جێبەجێدەكەن كە داوای چوونە پەرلەمانی وەزیری دارایی و بانكی ناوەندی دەكات، لەكاتێكدا زیاتر لە ساڵێك بەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاردا تێپەڕیوە.

بەپێی وتەی فەیحان، ئەو كاتەی بڕیار لە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار درابوو، بڕیاربوو لەبەرامبەر ئەوەدا چەند گۆڕانكارییەك بكرێن بۆ قەرەبووكردنەوەی لێكەوتەكانی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار، لەوانە زیادكردنی ژمارەی جۆری خۆراكی مانگانە و تەرخانكردنی 500 ملیار دینار بۆ ئەو مەبەستە لە یاسای بودجەی ساڵی 2021دا.

دەشڵێت، سەرباری ئەو زیادبوونە زۆرەی لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە لە داهاتەكانی حكومەتدا هاتووەتە ئاراوە، كەچی حكومەت پابەندی باشكردنی بەشەخۆراكی مانگانە نەبوو.

سەرۆكی فراكسیۆنی سادیقوون وتیشی، “داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و دوو جێگرەكەی دەكەین دەستبەجێ سەرۆك وەزیران بانگێشتی پەرلەمان بكەن بۆ هەڵوەستەكردن لەسەر هۆكارەكانی جێبەجێنەكردنی بڕگەكانی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021 و سووككردنی بارە قورسەكە لەسەر هاوڵاتییان”.

لە تویتێكدا كە دوێنێ پێنجشەممە بڵاویكردەوە، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر چەند پێشنیازێكی لەبارەی بەهای دۆلارەوە خستەڕوو.

سەدر داوایكرد هەریەك لە عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و مستەفا غالب پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق بانگێشتی ئەنجومەنی نوێنەران نوێنەران بكرێن. لەگەڵ ڕاگرتنی “بە قاچاخبردنی دۆلار و ڕێكخستنەوەی بازاڕی دراو”.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر پێشنیازیكرد “بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەندێك بانكدا بكرێت كە سەر بە هەندێك پارتی حوكمڕانن”.

بابەتی پێشتر

پێنتاگۆن: 4000 سەربازمان بۆ وەڵامدانەوەی هەر جووڵەیەكی ڕوسیا بڵاوکردووەتەوە

بابەتی دواتر

تەندروستیی جیهانی: نەخۆشییەکی مەترسیدار سەریهەڵداوەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share