کوڕەکەی شەھرام نازری چی بە باوکی دەڵێت؟

شەھرام نازری

بەبۆنەی ساڵیادی لەدایكبوونی شەهرام نازری-یەوە، كوڕەكەی پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، هەموو باوكێك لە دنیادا زۆر بەنرخە، بەڵام كەمجار ڕوودەدات كەسێك باوك بێت و ئەفسانەی كەلتووری وڵاتێكیش بێت.

حافز نازری لە پەیامەكەیدا دەڵێت، “ھەموو باوکێک لە دنیادا زۆر بە نرخە، بەڵام لە ڕاستیدا کەم جار ئەوە ڕوودەدات، کە کەسێک باوک بێت، مامۆستات بێت، ھەم ھاوکارت بێت، ھەم ئەفسانەی کلتوری وڵاتێک بێت و ھەم لە ڕووی مرۆڤبوون و خۆبەکەمزانین، پاڵەوانی ژیانت بێت”.

حافز لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا دەشڵێت، “ڕاستە وەکو باوکێک کەمتر نازت کێشام، ڕاستە وەکو ھەر باوکێکی دیکە ھەمیشە لە کەنارمدا نەبووی، بەڵام عاشقانە خۆشم دەوێی.. ئومێدەوارم سایەت لە من و ئەو مرۆڤانەی كە ساڵەھای ساڵە بە دەنگی جادوویی تۆ ژیان دەکەن، کەم نەکات.. ڕۆژی بوونت پیرۆز”.

شەهرام نازری لە 18ی شوباتی 1950 لە شاری كرماشان لەدایكبووە، هونەرمەندی شارەزای میوزیك و گۆرانیی ڕەسەنی كوردی و فارسییە.

هەر لە منداڵییەوە دایكی لەگەڵ شیعر و ئاواز ئاشنایكردووە و لە زۆربەی بەرهەمەكانیدا سوودی لە شیعرەكانی مەولانا وەرگرتووە و گۆرانییەكانی تێكەڵاوێكن لە شێوەی جۆش و خرۆش و عیرفانی و بە وتەی خۆی لە بواری شانامەخوێنیی فارسیدا داهێنانی کردووە، هاوکات چەندین گۆرانیی کوردی و شانامەی کوردیشی چڕیوە کە دەنگدانەوەی باشیان هەبووە.

ئەو هونەرمەندە زیاتر لە 40 ئەلبوومی گۆرانیی بڵاوكردووەتەوە، لە ماوەی كاروانی هونەریی خۆیدا 12 ناسناو و خەڵاتی جۆراوجۆری لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەدا بەدەستهێناوە کە دیارترینیان خەڵاتەکانی (لوژیۆن دۆنۆر و شوالیەی ئەدەب و هونەری)ی فەرەنسان.

بابەتی پێشتر

دووانیان لە هەولێر بوون.. یەحیا ڕەسوڵ دەستگیركردنی پێنج تیرۆرست ڕادەگەیەنێت

بابەتی دواتر

پێنتاگۆن: 4000 سەربازمان بۆ وەڵامدانەوەی هەر جووڵەیەكی ڕوسیا بڵاوکردووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share