هەزاران ژن لە سعودیە دەیانەوێت ببنە شۆفێری شەمەندەفەر

یەكێك لە شەمەندەفەرەكان لە سعودیە

بانگەوازێك بۆ 30 هەلی كاركردن وەك شۆفێری شەمەندەفەر ڕووبەڕووی 28 هەزار داواكاری لەلایەن ژنانی سعودییە بووەوە، ئەمەش ئاستی خواستی ژنان لەو وڵاتە بۆ چوونە ناو بازاڕی كار نیشاندەدات، دوای ئەوەی شانشینە نەریتخوازەكە هەوڵ بۆ پێدانی هەلی زیاتر بە ژنان دەدات.

كۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئیسپانی (ڕینفی) ڕایگەیاند، هەڵسەنگاندن لەڕێی ئینتەرنێتەوە بۆ بڕوانامە ئەكادیمییەكان و شارەزایی زمانی ئینگلیزی هاوكاربووە لە كەمكردنەوەی ژمارەی كاندیدان بۆ نیوە، لەكاتێكدا تا ناوەڕاستی ئازاری داهاتوو كار لەسەر یەكلاكردنەوەی ئەودوای لیستە گەورەكە دەكات.

دواتریش 30 ژنی هەڵبژێردراو دەبنە شۆفێری شەمەندەفەرە خێراكانی نێوان هەردوو شاری مەككە و مەدینە، پاش ساڵێك لە ڕاهێنانیان.

“ڕینفی” دەڵێت، سوورە لەسەر ڕەخساندنی هەل بۆ ژنان لە كارەكانیدا، لەئێستادا 80 پیاوی بۆ شۆفێریكردنی شەمەندەفەرەكانی لە سعودییە خستووەتەسەر كار، 50ی دیكەشی لە ڕاهێناندان.

تا ماوەیەك لەمەوبەر، هەلی كاركردن بۆ ژنانی سعودیە تەنها لە كاروبارەكانی وەك مامۆستا و كارمەندانی بواری پزیشكیدا بوو، لەوەشدا لەسەریانبوو پابەندبن بە ڕێنوێنییە توندەكانی پەیوەست بە جیاكردنەوەی نێوان هەردوو ڕەگەز، لەكاتێكدا تا ساڵی 2018 ڕێگە بە ژنان نەدەدرا شۆفێریی ئۆتۆمبێل بكەن.

بەڵام لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بەشداریی ژنان لە هێزی كاردا نزیكەی دوو هێندە بووەوە و گەیشتە 33% لەمەشدا ویست و هەنگاوەكانی محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە دەربارەی جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی ئابوری ڕۆڵی هەیە.

لەئێستادا ژنان هەوڵ بۆ ئەو كار و ئەركانە دەدەن كە پێشتر تەنها بۆ پیاوان و كرێكارانی بیانی بەردەستبوو.

شانشینی عەرەبیی سعودیە دەیەوێت تیشك بخاتەسەر هەنگاوەكانی لە پرسە كۆمەڵایەتییەكاندا، لەكاتێكدا ڕۆژئاوا چاوی لەسەر تۆمارەكانی لەبواری مافەكانی مرۆڤە.

بابەتی پێشتر

بەرهەم ساڵح لەبارەی نەوتەوە داوای دیالۆگی هەولێر و بەغداد دەكات

بابەتی دواتر

زینانە... تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو دوو برینداری لێكەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share