سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: بەم ئاقارەدا بڕوات ناڕەزایی لەڕادەبەدەر بەرامبەر حكومەت دروستدەبێت

شاری سلێمانی

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پشتیوانیی خۆی بۆ كرێكارانی ژینگەپارێز دەردەبڕێت بەهۆی خەرجنەكردنی شایستەكانیان و سەرۆكی ئەنجومەنەكەش دەڵێت، ئەگەری قەیرانی دەرمانیش لە ئارادایە و “گەر بەم ئاقارەدا بڕوات، پێشبینیدەكەم گلەیی و گازندە و ناڕەزایەتییەكی لەڕادەبەدەر بەرامبەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستدەبێت”.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبوونەوەی 70یەمینی خۆی ئەنجامدا بۆ تاوتوێكردن و پەسەندكردنی پڕۆژەكانی پەرەپێدان لە ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیان.

دوابەدوای كۆبوونەوە ئازاد حەمەئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكەكەی خستەڕوو، سەرەتا كۆبوونەوەكەی بە “نایاسایی” ناوبرد، ئەمەش بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.

وتیشی، كۆبوونەوەكە دوو بڕگە بوو، یەكەمیان پەسەندكردنی پڕۆژەكانی پەرەپێدانی ئیدارەی ڕاپەرین بە بڕی 20 ملیار و 730 ملیۆن دینار بۆ پەرەپێدانی ئیدارەی ڕاپەرین بە سەرجەم ئیدارە و قەزا و ناحیەكانییەوە.

ئازاد حەمەئەمین ئەوەشی خستەڕوو، بڕگەی دووەم بریتیبوو لە بودجەی پەرەپێدانی ئیدارەی گەرمیان كە 15 ملیار و 180 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەكانی پەرەپێدان بۆ ساڵی 2022 تەرخانكراوە.

پڕۆژەی بودجەی پەرەپێدان لەلایەن وەزارەتی پلاندانان-ەوە دوای حەوت ساڵ بۆ یەكەمجار ئامادەكراوە، وەك ئەوەی سەرۆكی ئەنجومەن ئاماژەی پێدا و هیوای ئەوەشی خواست بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و وەك پەرەپێدانی پارێزگاكانی ساڵی ڕابردووی عێراقی لێنەیەت، كە بڕیاری لێدرا و دواتر هیچ بڕە پارەیەك نەهاتە هەرێمی كوردستان.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا وەك ئەوەی متمانەی بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە نەبێت، جارێكی دیكە داوایكرد بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بە پێچەوانەشەوە دەبێتەهۆی نەمانی متمانە لەنێوان حكومەت و ئیدارە و ئەنجومەنی پارێزگاكان و هاوڵاتییاندا.

سەبارەت بە گرفتی مانگرتنی كرێكارانی ژینگەپارێزیش ئازاد حەمەئەمین وتی، كرێكاران بەهۆی وەرنەگرتنی شایستەكانیان مانیانگرتووە، ئەوان وەك ئەنجومەنی پارێزگا پشتیوانیی تەواو لە كرێكارانی ژینگەپارێز دەكەن، چونكە یەكێكن لەو چین و توێژانەی بە كەمترین كرێ كاری پاككردنەوە دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە چەند مانگێكە ئەو شایستەیەیان وەرنەگرتووە.

باسی لەوەشكرد، ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوودا دیسان قەیرانی كڕینی دەرمانیش دەستپێكات چونكە پارەی كۆمپانیاكانی دەرمان كە لە 5%ی خەرجدەكرێت، لە مانگی ئابی ڕابردووەوە تائێستا هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ خەرجنەكراوە.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هۆشداری ئەوەشیدا، “گەر بەم ئاقارەدا بڕوات، پێشبینیدەكەم گلەیی و گازندە و ناڕەزایەتییەكی لەڕادەبەدەر بەرامبەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستدەبێت” و وتی، “حكومەت دەبێت بزانێت چۆن خزمەتی هاوڵاتییان دەكات”.

بابەتی پێشتر

عێراق.. 52 هەزار زیندانیكراو لە گرتووخانەكانی چاكسازیدان

بابەتی دواتر

زیاتر لە پێنج هەزار عێراقی لە ئۆكرانیان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح: جەخت لە پاراستنی فەرهەنگی ‏پێکەوەژیانی ئایینەکان دەکەمەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح، ‏پیرۆزبایی لە کریستیانەکانی جیهان، عێراق و هەرێمی کەردستان…
Total
0
Share