وردەكاریی كاركردنی هەواڵگریی ئێران لە توركیا ئاشكرادەكرێت

ئاژانسی “ئەنادۆڵو”ی توركی ئاشكرایكرد، دەزگای هەواڵگری و هێزە ئەمنییەكانی توركیا 14 كەسیان دەستگیركردووە بەتۆمەتی هاوكاریكردنی هەواڵگریی ئێران لە جێبەجێكردنی چەند پلانێكدا بۆ ڕفاندنی ژمارەیەك كەسایەتیی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە توركیا.

هەواڵگریی ئێران چۆن تۆڕەكەی توركیای دروستكردووە؟

ڕاپۆرتی ئاژانسەكە دەڵێت، ئیحسان ساغڵەم پیاوێكی توركە و خاوەنی كۆمپانیایەكی بەرگرییە، لەگەڵ كارمەندێكی بەناوی مورتەزا سوڵتان سنجاری، پەیوەندییان بە هەواڵگریی ئێرانەوە كردووە و هەوڵیانداوە چەند كەسایەتییەكی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە توركیا بڕفێنن، ئەوان ڕێنماییان لە دوو كەس وەرگرتووە كە كار بۆ هەواڵگریی ئێران دەكەن بەناوەكانی سەید مەهدی حوسێنی و عەلی قەهرەمانی حاجی ئاباد.

ساغڵەم و تیمەكەی لە چەند كاتێكی جیادا 150 هەزار دۆلاریان لە ئێران وەرگرتووە لەبەرامبەر ڕفاندنی كەسایەتیی ئۆپۆزسیۆن، ئیتڵاعاتی ئێران بەڵێنی پێداون لەبەرامبەر ڕفاندنی كەسایەتیی دیكەدا پارەی تریشیان پێبدات، وەك ئەنادۆڵو دەڵێت.

وردەكاریی ڕاپۆرتەكە باس لەوە دەكات كە سەرەتا ئیتڵاعات ناوی كەسەكانی داوە بە ساغڵەم و تیمەكەی، دواتر شوێنی نیشتەجێبوونی كەسەكانی دیاریكردووە و ساغڵەم و سنجاری دیداریان لەگەڵدا سازداون و متمانەی ئەو كەسانەیان بەدەستهێناوە.

یەكێك لەو كەسایەتییانەی ئۆپۆزسیۆن كە ڕفێندراون و ڕادەستی هەواڵگریی ئێران (ئیتڵاعات) كراونەتەوە، عەقید یەعقوب حافز ئەفسەری پێشوو لە سوپای ئێران بووە. یەعقوب لە ئێران هەڵاتووە و لە ویلایەتی دەنیزلیی توركیا نیشتەجێبووە.

شوێنی عەقید یەعقوب چۆن ئاشكرابوو؟

ئیحسان ساغڵەم و سنجاری ئەو قاچاخچییەیان دۆزیوەتەوە كە عەقیدەكە و خانەوادەكەی بردووە بۆ توركیا و ئەشكەنجەیان داوە، لەو ڕێگەیەوە گەیشتوون بە عەقید یەعقوب، پێیانوتووە كە هەواڵگریی ئێران بەدوایەوەیەتی، بەو شێوەیە متمانەی یەعقوب-یان بەدەستهێناوە و ڕایانگەیاندووە، “خۆت و خانەوادەكەت لەڕێگەی عێراقەوە دەگوازینەوە بۆ وڵاتێكی تر”، بەڵام لە 17ی شوباتی 2019دا ڕادەستی ئەفسەرێكی هەواڵگریی ئێرانیان كردوون.

كەسێكی تر كە بە “م . ڕ” ناویبراوە، لە هێزی دەریایی ئێران كاریكردووە و هەڵاتووە بۆ توركیا، سەید مەهدی حوسێنی بە ساغڵەم و سنجاریی وتووە بیڕفێنن و لەبەرامبەردا یەك ملیۆن دۆلاریان پێدەدات.

“م . ڕ” لە ڕێستۆرانتێكی ویلایەتی یالوفای توركیا كاریكردووە، ئەنادۆڵو دەڵێت، هاكان ساغڵەم ئەندامی تیمەكەی ئیحسان ساغڵەم ڕاسپێردراوە بچێت لە هەمان ڕێستۆرانت كاربكات و خۆی لە “م . ڕ” نزیكبكاتەوە، كارەكە بەپێی پلانەكە ڕۆیشتووە و هاكان ئێرانییەكەی بە ئیحسان ساغڵەم و سنجاریی ناساندووە، ئەوانیش پێشنیازیان كردووە بیگوازنەوە بۆ ئەمریكا.

چۆن پلانەكە شكستیهێنا؟

هاوكاتی هەوڵەكەی ساغڵەم و تیمەكەی بۆ ڕفاندنی “م . ڕ”، هەواڵگریی ئێران كەسێكی تری ڕاسپاردووە بە ڕفاندنی ناوبراو، ئەویش هودای فێردی ئەفسەری خانەنشینی هێزە چەكدارەكانی توركیا بووە، بەڵام “م . ڕ” كەوتووەتە گومانەوە و بەوەش پلانەكە شكستیهێناوە.

یەكێكی تر لەوانەی هەوڵی ڕفاندنیان دراوە، “س . غ” بووە كە لە ئێرانەوە هەڵاتووە بۆ توركیا، عەلی قەهرەمانی حاجی ئاباد كە كار بۆ ئیتڵاعات دەكات، بە سنجاریی وتووە بیڕفێنێت و بیگەڕێنێتەوە بۆ ئێران. سنجاری و كچێكی هاوڕێی بەناوی بەهناز ئیبراهیمی، شوێنی نیشتەجێبوونی “س . غ”یان ئاشكراكردووە كە لە ویلایەتی زونگوڵداك بووە.

دواتر ساغڵەم و كامیل تاشچی ئەندام لە هێزە چەكدارەكانی توركیا چوونەتەناو پرۆسەكەوە، لەو قۆناغەدا هەواڵگریی توركیا بە پلانەكەی زانیوە و ئاشكرایكردووە و هەڵمەتێكی بۆ دەستگیركردنی كەسەكان بەرپاكردووە، سەرئەنجام دەزگای هەواڵگریی توركیا و هێزە ئەمنییەكان دوو ئێرانی و 12 كەسی توركیان دەستگیركردووە، دادگاش بڕیاری ڕاوەدونان و دەستگیركردنی بۆ سێ كەسی تری ئێرانیی نیشتەجێی توركیا دەركردووە.

بابەتی پێشتر

خشتە و کاتی یارییەکانی نیوەی کۆتایی جامی ئیتاڵیا ئاشکراکران

بابەتی دواتر

عێراق چەک و تانک لە سێ وڵات دەکڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share