كۆمپانیای ئەپلی ئەمریكی ئامادەكاری دەكات بۆ ڕاگەیاندنی مۆبایلە نوێیەكەی (ئایفۆن 12) لەمساڵدا، لەو نێوەندەشدا هەندێك زانیاری دەربارەی جۆر و تایبەتمەندی مۆبایلە نوێیەكە دزەی پێكراوە.
دەربارەی نرخیش دەوترێت كە لە 649 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا سەروو 1099 دۆلار بەجۆرێك ئایفۆن 12 نرخەكەی 649 دۆلار دەبێت و پڕۆماكس-یش 1099 دۆلار دەبێت.
بەشێوەیەكی گشتی كۆمپانیای ئەپڵ جۆرە نوێیەكانی ئایفۆن لە مانگی تشرینی یەكەم ڕادەگەیەنێت، نزیكەی 10 ڕۆژ بەر لەوەی بیخاتە بازاڕەكانەوە، بەڵام پێشتر ئەپل ئاشكرایكرد كە مۆبایلە نوێیەكەی ئەمساڵ چەند هەفتەیەك دوادەكەوێت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت خستنەڕووەكە لە 12ی تشرینی یەكەمی داهاتوو یان دەوروبەری ئەو وادەیە بێت.
دەربارەی شێوەیش ئایفۆنەكە لەڕووی پێكهاتەی دەرەوەی جیاواز دەبێت لەو جۆرەی لە ئایفۆن 11 بەكارهێنراوە و نزیكتر دەبێت لە شێوە و جۆری ئایفۆن 5. هەروەها لە پشتەوەش خاوەن دوو كامێرا دەبێت لەجیاتی سێ.
هەروەك رەنگی سەوز كە لە ئایفۆن 11 بەكارهێنرا بۆ ڕەنگی شین لەم جۆرە نوێیەدا دەگۆڕدرێت.
سەبارەت بە سیستمی 5G-ش بەپێی زۆرینەی پێشبینییەكان ئایفۆنەكە تایبەتمەندی بەكارهێنانی ئەو سیستمەی ئینتەرنێتی تێدادەبێت.