میگان ماركڵ و هاری هاوسەری بڕی 2.4 ملیۆن جونەی ئیستەرلینی-یان بۆ بەریتانییەكان گەڕاندەوە، كە پێشتر بۆ نۆژەنكردنەوەی خانووی ئەو دوو هاوسەرە خەرجكرابوو.
باجدەرانی بەریتانیا، كە فشاریان لەسەر هاری كرد بۆ گەڕاندنەوەی پارەكە، كارەكەیان بە “سەركەوتنێكی دژوار” ناوبرد.
بەپێی چالاكوانان پێویستبوو لەسەر هاری و میگان ڕاستەوخۆ دوای جێهێشتنی خێزانی شاهانە قەرەبووی سەرجەم ئەو تێچووانە بكەنەوە كە لەسەر حسابی دەوڵەت بۆیان خەرجكراوە، نەك بە ماوەیەك دواتر.
هەردوو هاوسەر توانییان قەرزەكە بدەنەوە بەهۆی ئەنجامدانی گرێبەستێك بە بەهای 150 ملیۆن دۆلار لەگەڵ كۆمپانیای ئەمریكی (نێتفلێكس)، گرێبەستەكە ڕێگەیان پێدەدات دەرهێنان بۆ فیلم و بەرنامەی جیاواز بكەن، لەنێویشیدا دەربارەی شازادە دیانا و چاوەڕوانیش دەكرێت هەردوو هاوسەر كۆمپانیایەكی دەرهێنان دابمەزرێنن.
هاری و میگان لەئێستادا لە لۆس ئەنجلوس نیشتەجێن، پاش ئەوەی لە مانگی ئازاری ڕابردوو وازیان لە ڕۆڵە شاهانەییەكان هێنا بۆ دەستپێكردنی ڕێڕەوێكی نوێی ژیان و بڕیاریشیاندا بەریتانیا جێبهێڵن پاش زیادبوونی ناكۆكییەكانیان لەگەڵ میدیا.