ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان دانیشتووانی قەزای خەبات و هێزەكانی زێرەڤانی ڕوویدا، خەڵكی ناوچەكە ناڕازین لەو هەڵمەتەی بۆ ڕووخاندنی خانووە زیادەڕۆكان دەستیپێكردووە.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ گرژی و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزێكی سەر بە زێرەڤانی و بەشێك لە دانیشتووانی قەزای خەبات-ی سەر بە پارێزگای هەولێر هاتەئاراوە.
ماوەیەكە هەڵمەتێك بۆ ڕووخاندنی خانووە زیادەڕۆكانی ناوچەكە دەستیپێكردووە، ئەو خەڵكانەی تیایدا دەژین دەڵێن، ناچارانە ڕوویان لەو خانووانە كردووە و هیچ شوێنێكی دیكەی ژیانكردن شكنابەن، بەڵام هێزە ئیداری و ئەمنییەكان سوورن لەسەر ڕووخاندنیان، بۆیە ئەمڕۆ جارێكی دیكە گرژی ڕوویدا.
پەیامنێرمان پێیڕاگەیاندین، بۆ بڵاوەپێكردنی دانیشتووان و خەڵكی ناڕازی، هێزەكە تەقەی بە ئاسمان و بەڕووی خەڵكدا كردووە.
وتیشی، ئەمە یەكەمجار نییە لەنێوان دانیشتووانی خەبات و هێزە ئەمنییەكان ڕووداوی لەو جۆرە ڕووبدات، پێشتر لەنێو خەڵكدا برینداریش هەبووە.