هەردوو كۆمپانیای هیۆندا و كیا داوا لە خاوەنی نزیكەی 500 هەزار ئۆتۆمبێل لە ئەمریكا دەكەن، ئۆتۆمبێلەكانیان لە دەرەوە و دوور لە خانووەكانیان دابنێن، بەهۆی كێشەیەكەوە كە ئەگەری هەیە ببێتەهۆی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەكان.
كێشەكە بەجۆرێكە ئەگەری گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەكە تەنانەت لەكاتی كوژاوەییشیدا هەیە، وەك ئەوەی تۆڕی (سی ئێن ئێن) بڵاویكردووەتەوە.
دوو كۆمپانیاكە ئاشكرایانكرد كە كێشەكە لە سیستمی ئەی بی ئێس-ی ئۆتۆمبێلەكاندا هەیە، كە دەبێتەهۆی كێشەی كارەبایی و دواتر ئاگركەوتنەوە.
بەهۆیەوە هیۆندای داوای گەڕاندنەوەی 357 هەزار و 830 ئۆتۆمبێلی لە جۆری (سەنتافی) كردووە كە دروستكردنیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 2016 تا 2018، هەروەها (سەنتافی سپۆرت)ی ساڵانی 2017 و 2018، (سەنتافی ئێكس ئێل)ی ساڵی 2019 و (تۆكسۆن)ی ساڵانی 2014 و 2015.
لەكاتێكدا كیا داوای گەڕاندنەوەی 126 هەزار و 747 ئۆتۆمبێلی لە جۆری سیدان (كیا 900)ی دروستكراوی ساڵانی 2016 و 2018، ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەكسلی سپۆرتاجی دروستكراوی ساڵانی نێوان 2014 و 2016ی كردووە.
لەو بەڵگەنامانەی پێشكەشی ئیدارەی نیشتمانیی سەلامەتیی هاتوچۆ لە ڕێگا خێراكاندا كراوە، كیا ڕایگەیاندووە كە زانیاری لەبارەی سێ ئۆتۆمبێل هەیە كە ئاگریانگرتووە.
كۆمپانیاكان ئەوەشیان وتووە، خاوەنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەتوانن بەردەوامبن لە بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلەكانیان بە سەلامەتی و ئارامی، بەڵام پێویستە دوور لە بینا و هەر شتێكی دیكە ڕایانبگرن.