ڕۆژنامەیەكی ژاپۆنی هەنگاوێكی نوێی ڕێكخراوی داعش ئاشكرادەكات و دەڵێت، “ڕێكخراوەكە هەژاریی خەڵكی لوبنانی قۆستووەتەوە و دەیان كەسی ئەو وڵاتەی كردووە بە چەكدار و ناردوونی بۆ عێراق”.
ڕۆژنامەی جاپان تایمزی ژاپۆنی بڵاویكردەوە، دەیان كەسی لوبنانی بوون بە چەكداری داعش و ڕەوانەی عێراق كراون.
یەكێك لەوانە، ناوی زەكەریا ئەلعەدلە و خەڵكی تەڕابلوسە، هاوینی ڕابردوو زەكەریا بێسەروشوێنبووە، ئەوكات وابڵاوكراوەتەوە كە ناوبراو لەڕێگەی دەریاوە هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپای داوە و خنكاوە، بەڵام بەمدواییانە دەركەوتووە زەكەریا چووەتە ڕیزەكانی داعشەوە و لە عێراق كوژراوە.
دایكی ئەو چەكدارەی داعش بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، “نەماندەزانی لە عێراقە تا ئەوكاتەی هەواڵی گیانلەدەستدانیمان پێگەیشت”.
ئەو دەڵێت، هەژاریی هۆكاری پەیوەندیكردنی گەنجانی لوبنانە بە داعشەوە، نەك ئایدۆلۆجیا، چونكە ئێستا لوبنان بە هەژارییەكی بێوێنەدا گوزەردەكات”.
بەرپرسێكی ئاسایشی لوبنان، لێدوانی بۆ جاپان تایمز داوە و ئاشكرایكردووە، دەیان كەس لە لوبنان پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە، ئەو كەسەی دەیانباتە ڕیزەكانی ڕێكخراوەكەوە و ڕێكیاندەخات، خەڵكی لوبنانە و لە دەرەوەی وڵاتەكە نیشتەجێیە.
بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، ژمارەی ئەو لوبنانییانەی بەمدواییانە پەیوەندییان بە داعشەوە كردووە و ڕەوانەی عێراق كراون، 48 كەس دەبن، خێزانەكانیان ئاسایشیان لەوە ئاگاداركردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە، كوڕەكانیان لە عێراقەوە پەیوەندییان پێوەكردوون و بەو شێوەیە بە بابەتەكەیان زانیوە.