فراكسیۆنی یەكێتی: هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت و یاساكەی هەمواربكرێتەوە

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت، لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، بەڵام پێشتر یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە.

زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، وەك یەكێتی لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

وتیشی، لەگەڵ ئەوەدان یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن پێشكەشدەكەن.

زیاد جەبار ئەوەی خستەڕوو، یاساكە پێویستە ڕەنگدانەوەی خواستی هەموو ئەو هێز و لایەنانە بێت كە نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە، هەروەها ڕەنگدانەوەی هەموو خەڵك بێت.

وتەكانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەمڕۆ دوای كۆبوونەوەی سەرۆك فراكسیۆنەكان بوو تایبەت بە پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن.

زیاد جەبار ئەوەشی خستەڕوو، كۆبوونەوەكانیان بەردەوامدەبن تاكو بتوانن بەیەكەوە بگەنە ڕێككەوتن.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، لە زاری هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە هۆشداری دا لەوەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دواكەوتووە و كاتێكی وایان لەبەردەمدا نەماوە، بۆیە ماوەی چەند ڕۆژێكی دا بە فراكسیۆنەكان تا لەو بارەیەوە بگەنە ڕێككەوتن و هەڵوێستی كۆتایی لایەنەكانیان بگەڕێننەوە.

پێشتر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان زیاتر لە جارێك ڕایگەیاندووە، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستی بە نزیكەی شەش مانگ ئامادەكارییە، بۆیە بەپێی ماوە یاساییەكان، پێویستە تا مانگی ئادار یاسای هەڵبژاردن هەمواركرابێتەوە و بڕیاریش لە چارەنووسی كۆمسیۆن درابێت.

لە یاسای هەڵبژاردندا لایەنەكان لەبارەی ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردن ناكۆكن، پارتی دەیەوێت یەك بازنە بێت و لایەنە سەرەكییەكانی دیكەش لەگەڵ فرەبازنەییدان.

پارتی دەیەوێت كۆمسیۆن هەمواربكرێتەوە و ژمارەی ئەندامەكانی زیاتر بكرێن، كە ئێستا 9 ئەندامن، ویستی هەیە لە كۆمسیۆنەكە ببێتە زۆرینە، بەڵام لایەنەكانی دیكە بە گشتی لەگەڵ مانەوەی كۆمسیۆنن وەك خۆی.

بابەتی پێشتر

دابەشكردنی مووچەی سبەینێ ئاشكراكرا

بابەتی دواتر

ئەمشەو چەند یارییەکی گرنگ ئەنجامدەدرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share