لە میسان، دادوەرێك تیرۆركرا، كە بە تایبەتمەندێتیی دۆسیەكانی ماددەی هۆشبەر ناسرابوو، تیرۆركردنەكە كاردانەوەی زۆری بەدوادا هات.
ئەمشەو لە پارێزگای میسان، ئەحمەد فەیسەڵ، كە دادوەر بووە و بە بەگژداچوونەوەی باند و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر ناسرابوو و لێكۆڵینەوەی لە دۆسیەكانی تایبەت بەو پرسە دەكرد، لە ناوەڕاستی شاری عەمارەی ناوەندی پارێزگای میسان تیرۆركرا.
میدیای عێراقی دادوەرەكەی بە تایبەتمەند لە پرسەكانی ماددەی هۆشبەر و بەرەنگاربوونەوەی دیاردەكە وەسفكردووە، بۆیە تیرۆركردنەكە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
بەشێك لە كاردانەوەكان لە میدیای عێراقیدا بە ئاراستەی ئەوە بوون، كە كەسانی دەستڕۆیشتوو و بەرپرسان لە پشت بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەرەوەن و هەر ئەوانیش لەپشت تیرۆركردنەكەوەن، وەك ئەوەی لە میدیای عێراقیدا كاردانەوەكان گواستراوەتەوە.
ژمارەیەك چەكدار تەقەیان لە دادوەرەكە كردووە، كوشتوویانە و دواتر هەڵاتوون، پۆلیس بەدوایاندا دەگەڕێت و لەدوای ڕووداوەكەوە ناوچەكەی تەوقداوە.
سەرچاوەیەكی پۆلیس بە فرانس پرێسی وتووە، دادوەرە تیرۆركراوەكە 15 گوللــە بە سەر و جەستەیەوە بووە.