کازمی: ئەرکەکانمان بەرامبەر گەلەکەمان جێبەجێکردووە

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، ئەو ئەرکەی بۆی دیاریکراوە لە خزمەتکردنی گەلی عێراق ڕایانپەڕاندووە، کەمتەرخەمی و سازشیان نەکردووە لەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاکان.

لە پەیامێکی ماڵئاواییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردووەتەوە دوای دیاریکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێ لەلایەن موقەتەدا سەدرەوە، مستەفا کازمی ڕایگەیاندووە، “بەرژەوەندیی خۆمان پێش بەرژەوەندیی گەلەکەمان نەخستووە، دانابەزین بۆ ئاستی موزایەدە”.

کازمی باس لە کارەکانی کابینەکەی دەکات و دەڵێت، “وڵاتمان گەیاندە هەڵبژاردنێکی ئازادی بێگەرد، سەرەڕای هەموو ئاڵنگاریە ناوخۆی و دەرەکییەکان بە ئارامی و خۆڕاگرییەکی زۆرەوە بنەماکانی تێپەڕاندنی قەیرانە ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەمنیەکانمان بۆ حکومەتی داهاتوو بونیادناوە”.

ئاماژە بەوەدەکات، ڕووبەڕووی گەندەڵی و گەندەڵکاران بوونەتەوە، باسلەوەدەکات، عێراقیان لە بێ دەوڵەتی ڕزگارکردووە و “بەئازایەتی هێزە ئەمنییەکان و زانیارییە هەواڵگرییەکان شانە نوستووەکانی گروپە چەکدارەکانمان لەناوبردووە”.

ڕوودەکاتە لایەنە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن و دەڵێت، “ئەمڕۆ بەرپرسن لە پاراستنی ڕێڕەوی نیشتیمانی لە چوارچێوەی کۆتایپێهێنانی ئەو بنبەستە سیاسیەی وڵات پێیگەیشتووە”.

ڕاشیگەیاند، بەرپرسن لە پێکهێنانی حکومەتێک کە بە گوێرەی بەرکەوتەی هەڵبژاردن بێت و نیشتمان بپارێزێت و بەرگری بکات لە یەک پارچەیی خاکەکەی و چارەنووسی.

ئەمڕۆ موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، جەعفەر سەدری ئامۆزای پێشنیازكرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

بابەتی پێشتر

دوو ملیۆن و 500 هەزار كەس لە ئۆكرانیا ئاوارەبوون

بابەتی دواتر

وێنە.. ڕوسیا بەناونیشانی "جوانی لەپشت جەنگەوە" پێشبڕکێی جوانترین کچە سەرباز ڕێکدەخات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share