ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕوسیا ڕەخنە لە ئەمریكا دەگرێت و دەڵێت، پرۆژەیاساكەی ئەنجومەنی پیران سەبارەت كۆتكردنی ئەو وڵاتانەی سیستمی ئێس-400ی ڕوسیی دەكڕن، “دەرخەری ئەوەیە ئەمریكا ناتوانێت ڕكابەرییەكی شەریفانەی بەرهەمەكانی ڕوسیا بكات”.
بەگوێرەی هەواڵێك كە ئاڕ تی ڕوسی ئەمڕۆ دووشەممە 2ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، سێرگی جێلیزنیاك، ئەندامی لیژنەی كاروباری نێودەوڵەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕوسیا ڕایگەیاندووە، “بەردەوام سەركەوتنەكانی ڕوسیا لە بەرهەمهێنانی جۆرە نوێیەكانی چەك و بوونی خواستێكی جیهانی لەسەریان، واشنتن هەراسان دەكات”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنە ڕوسییەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “دەستپێشخەرییەكەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، ئامانج لێی دروستكردنی لەمپەرە لە بەردەم ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت چەك لە ڕوسیا بكڕن، بەتایبەت سیستمی دژە موشەكی ئێس-400، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە كە ئەمریكا ڕكابەرییەكی شەریفانە ناكات لەگەڵ بەرهەمە ڕوسییەكان”.
سێرگی جێلیزنیاك باسی لەوەشكردووە، هەوڵەكانی واشنتن بۆ ڕێگری لە توركیا بۆ دەستخستنی سیستمە ڕوسییەكە “شكستی هێناوە”، ئەوەش وەڵامێكی ڕوونە بۆ ئەو پرۆژەیاسا ئەمریكییە.
وێڕای هەڕەشەكانی ئەمریكا لەبارەی دەسخستن و بەكارخستنی سیستمی دژە موشكی ئێس-400 ڕوسی لەلایەن توركیاوە، بەڵام توركیا سوورە لەسەر هەنگاوەكانی و ناوبەناو بەرپرسانی ئەمریكا هەڕەشە دەكەن.