کارەبا لە سەدان هەزار ماڵ و کۆمپانیای ئەمریکا بڕاوە، بەهۆی ئەو شەپۆلی سەرما و باران و بەفرەی لە هەفتەی ڕابردووەوە ڕووی لە بەشێکی زۆری ئەمریکا کردووە.
پێگەی Power Outageی ئەمریکی بڵاویکردەوە، زیاتر لە 370 هەزار هاوبەشیان لە ویلایەتەکانی تەکساس، ئۆهایۆ و تەنانەت نیویۆرک-یش بێکارەبا بوون بەهۆی ئەو شەپۆلی سەرما و بەستەڵەکەی ڕووی لەو ناوچانە کردووە.
هەروەها کۆمپانیای دابینکەری کارەبا و ئاو و غاز لە مێمفیس ئاماژە بۆ بێکارەبابوونی زیاتر لە 130 هەزار هاوبەش دەكات و ڕایگەیاندووە، گەڕانەوەی وزەكە چەند ڕۆژێک دەخایەنێت.
شەپۆلەكە كاریگەریی لەسەر گەشتە ئاسمانییەكانیش هەبووە، پێگەی Flight aware کە لەبواری فڕۆکەوانیدا کاردەکات، ئاشكرایكردووە، ڕۆژی هەینی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی زیاتر لە سێ هەزار گەشتیان هەڵوەشاندووەتەوە، لەکاتێکدا ڕۆژی پێنجشەممە زیاتر لە پێنج هەزار گەشت هەڵوەشێندرانەوە.
دەستەی پێشبینییەکانی کەشوهەوای نیشتمانیی ئەمریکا هۆشداریدەدات لە دابەزینی زیاتری پلەکانی گەرما و تەنانەت کاریگەریی لەسەر دابەزینی پلەی گەرمیی جەستە، ئەگەر ئامادەکاریی تەواو بۆ ئەو شەپۆلی سەرما و بەفربارینە نەکرێت، ئەمە جگە لەوەی ڕێگری بۆ هاتوچۆ و گەشتکردنیش دروستدەکات.
یەکێک لە پسپۆڕانی کەشوهەوای ئەمریکا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەگەری هەیە پلەکانی گەرما بەجۆرێک دابەزن ئاستی پێوانەیی تۆماربکرێت.