تەنها لە ساڵی 2021دا 52 منداڵ لە عێراق بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەكانی جەنگەوە كوژراون و 73 منداڵی تر دووچاری لەدەستدانی بەشێك لە جەستەیان و “كەمئەندامی” بوون.
سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی منداڵان (یونسێف) ئاشکرایکرد، هەفتەی ڕابردوو چوار منداڵ لە دوو شوێنی عێراق بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەكانی جەنگەوە كوژراون، دوو منداڵی تریش دەست و قاچەكانیان لەدەستداون.
ئەو ڕێكخراوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، ئەمانە حاڵەتی تاك و دەگمەنی مردنی منداڵان بە تەقەمەنی نین، چونكە لە ساڵی 2021دا 52 منداڵ لە عێراق كوژراون و 73 منداڵی تر دووچاری لەدەستدانی بەشێك لە جەستەیان و “كەمئەندامی” بوونەتەوە، ئەوەش بەهۆی بەركەوتنی پاشماوەكانی جەنگ و تەقەمەنیی نەتەقیوەوە.
یونسێف جەختدەكاتەوە كە “پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ بەرگرتن لە كاریگەرییەكانی تەقەمەنییەكان”.
تەقەمەنی و مینی چێندراو و مووشەكی نەقیو لە عێراقدا ژمارەیان ملیۆنانە، پاشماوەی جەنگەكانی عێراق – ئێران و جەنگی كەنداو و پرۆسەی ئازادكردنی عێراق و شەڕی دژ بە تیرۆرن.