گۆڤاری Nutrients توێژینەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە لەلایەن چەند زانایەکی کۆریای باشوورەوە ئەنجامدراوە، تێیدا هەندێک بیروباوەڕی باو سەبارەت بە سوودەکانی ڤیتامین C رەتدەکرێتەوە.
لە توێژینەوەکەدا باس لەوەکراوە، زۆر کەس پێیان وایە ڤیتامین C، یارمەتیدەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لاوازی پەیوەست بە تەمەنەوە، بەڵام پێچەوانەکەی راستە.
لە توێژینەوەکەدا دوو هەزار و 984 کەسی لە سەرووی تەمەنی 65 ساڵەوە وەک نموونە وەرگیراون، توێژەران چاودێریی باری جەستەیی ئەوانیان کردووە و بەدواداچوونیان بۆ ئەو خواردنانە کردووە کە خواردوویانە، زانیاریشیان لەسەر کێش، ماندویەتی، خاوبوونەوەی جووڵە و کەمبوونەوەی چالاکیی جەستەیی کۆکردووەتەوە.
دوای هاوتاکردنی ئەنجامەکان، دەرکەوت ئەو کەسانەی تەواوکەری ڤیتامین Cـیان بەتەنها یان بە تێکەڵکردن لەگەڵ تەواوکەری خۆراکی دیکە بەکارهێناوە، باشتربوونێکی بەرچاو لە چالاکیی جەستەییاندا بەدی نەکراوە بە بەراورد بەو کەسانەی کە نەیانخواردووە.
زاناکان پشتڕاستیان کردەوە، ڤیتامین C کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر لاوازیی گشتی لە کەسانی پێگەیشتوو و بەساڵاچوودا نییە و جەخت لەوە دەکەنەوە، کوالێتی، جۆراوجۆریی و خۆراکی تەندروست، گرنگترە لە پشتبەستن بە ڤیتامینەکان.
پسپۆڕانی تەندروستی هۆشدارییش دەدەن لە زیادەڕەویی لە خواردنی ئەو ژەمانەی بڕێکی زۆر ڤیتامین C لەخۆدەگرن، چونکە دەبێتە هۆی سکچوون، تێکچوونی گەدە و کەمخەوی، هەروەها مەترسیی دروستبوونی بەردی گورچیلە زیاددەکات و هەڵمژینی ئاسن ناڕێک دەکات.
جێی باسە، ڤیتامین C بەزۆری لەناو ئەم خواردنانەدا هەن، (پرتەقاڵ، ترێ، لیمۆ، توو، شوتی، کاڵەک، بیبەر، کیوی و برۆکلی).