بافڵ جەلال تاڵەبانی بە شاندێكی فەرەنسی ڕاگەیاند، نیەتی یەكێتی ئەوە بووە كورد بە یەكڕیزی بچێتە بەغداد، بەڵام لە دەرەوەی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد، یەکڕیزییەكە لەباربرا، بەڵام گەشبینە بەوەی دەرفەت ماوە لەسەر بنەمای تەوافق و شەراکەتی ھاوبەش و نیشتمانی، حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا پێکبھێنرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە ئێریك شوڤالییێ، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و ئۆلیڤییە دێکۆتینی، كونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، دۆخی سیاسی گشتی لەسەر ئاستی عێراق، ھەرێم و ناوچەکە و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ئاستەنگەکانی بەردەم یەکڕیزی ماڵی کورد تاوتوێکرا و بۆچوونیان لەبارەوە خرایەڕوو.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی یەکڕیزی ماڵی کورد و یەک گوتاری سیاسی لە بەغدا ڕوونیکردەوە، “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە سەرەتاوە پەرۆشی یەکخستنی ریزەکانی کورد بوو، ھەموو ھەنگاوێکمان بۆ ئەوە بوو بە یەک تیم لەگەڵ بەغدا و ھێزە سیاسییە عێراقییەکان گفتوگۆ بکەین و بە یەک وەرەقەی سیاسی کوردستانیی و نیشتمانیی بچینە گفتوگۆکانەوە و ھەر ئەوەشمان کرد، بەڵام بە داخەوە دواتر ئەم نییەتە تێکدرا و لە دەرەوەی ئیرادە و بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد ئەو یەکڕیزییە لەباربرا!”.
لەبارەی قۆناغی ئێستای سیاسی و گفتوگۆکان و ھەنگاوەکان، بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕوونکردنەوەی زیاتری داوە بە وەفدی میوان و پێی ڕاگەیاندوون، “دەرفەت ماوە تاوەکو لەسەر بنەمای تەوافق و شەراکەتی ھاوبەش و نیشتمانیی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا پێکبھێنرێت، کە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی، ئاوەدانی و سەقامگیری سیاسی نەک لێکترازان و دۆخی وڵات بەرەوە ئایندەیەکی نادیار و ئاڵۆزتر ببات”.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی دووپاتیكردووەتەوە، “یەکێتی پەرۆشی پاراستنی ئەو کلتووری پێکەوەژیان و تەوافقییەیە کە سەرۆک مام جەلال بەردی بناغەکەی داناوە و دەمانەوێت نەبینە ھۆکار بۆ تێکدانی ماڵی کورد و ھێزە شیعییەکان و سونەکانیش، بۆ ئەو مەبەستەش لە ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ پاراستنی ئەو پێکەوەژیانە کە لە پێشینەی کارەکانمانە”.
مەترسی جموجۆڵەکانی داعش و ھەماھەنگی و ھاریکاری نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە، ھێزە عێراقییەکان و راوێژکارانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە وردی گفتوگۆی لەسەرکرا و جەختکرایەوە لە فراوانکردنی ھەماھەنگییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی لە وڵات.