قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی ئایدز کە بەرهەمهێنەری کۆمپانیای مۆدێرنایە دەستیپێکرد، یەکەم ژەمی ڤاکسینەکە دراوە بە خۆبەخشێک و چاودێریی ئەنجامەکانی دەکرێت.
تۆڕی CNNی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ڤاکسینەکە لە قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوەکانیدا 56 بەشداربووی پێگەیشتوو دەگرێتەوە کە تووشی ڤایرۆسەکە نەبوون، بەئامانجی دڵنیابوون لە سەلامەتی و کاریگەریی ڤاکسینەکە.
بەپێی پێناسەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ڤایرۆسی کەمیی بەرگریی “ئایدز”، دەربڕینێکە بۆ تووشبووانی نەخۆشیی کەمیی بەرگریی جەستە “HIV”، کە سیستمی بەرگریی جەستەی مرۆڤ دەکاتە ئامانج، دەبێتەهۆی سستبوونی سیستمی چاودێری و بەرگریی جەستە بەرامبەر زۆرێک لە نەخۆشییەکان لەناویشیاندا شێرپەنجە.
لەوبارەیەوە سەرۆکی کۆمپانیای مۆدێرنا دەڵێت، “دڵخۆشین بەوەی تەکنیکی mRNAمان بەکارهێناوە لەپێناو پاراستننی تەندروستیی جیهان، بەتایبەت کارەکە دژ بە ڤایرۆسی ئایدزە”.
تەکنیکی mRNMلەلایەن هەردوو کۆمپانیای مۆدێرنا و فایزەرەوە بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژە کۆرۆناش بەکارهێنراوە.
بەکارهێنانی تەکنیکی ترشی ناوکیی mRNA گواستنەوەی بەشێک لە کۆدە بۆماوەییەکانی ڤایرۆسەکەیە بۆ خانەیەکی تەواو و دروستکردنی پرۆتین.
ڤاکسینە باوەكان پشتدەبەستن بە بەکارهێنانی ڤایرۆسێکی لاوازکراو و ڕاهێنانی بەرگریی جەستەیە دژی ئەو ڤایرۆسە لاوازە، تاوەکو بەرگریی کەسەکە وەڵامدانەوەی تەواو دژی ڤایرۆسێکی تەواو چالاکی هاوشێوە پەیدادەکات.
لەدوای ئاشکراکردنی ڤایرۆسی ئایدزەوە لە ساڵی 1981 بۆیەکەمجار، تا کۆتایی ساڵی 2020 زیاتر لە 36 ملیۆن حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە لە جیهاندا تۆمارکراون، ئێستا زیاتر لە 37 ملیۆن تووشبووی ڤایرۆسەکە لە جیهاندا هەن زۆرینەیان لە خۆرهەڵات و باشووری ئەفریقان.