توێژینەوەیەکی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی منداڵان (یونسێف) ئاشکرایکردووە، 61%ی منداڵان بەهۆی کۆرۆنا و دوورکەوتنەوەیان لە چالاکییە جەستەییەکان بۆ ماوەیەکی درێژ، تووشی هەستکردن بە خەمباریی قووڵ، گۆشەگیری، نیگەرانی و تەنیایی بوون، سەرەڕای زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن تێیاندا.
توێژینەوەکەی ڕێکخراوی یونسێف بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە پسپۆڕان لە 34 وڵاتی جیاواز ئەنجامدراوە بەس لەوە دەکات، هۆکارەکانی مانەوەی منداڵان بەبێ چالاکییە بەردەوامەکانیان بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە حاڵەتەکانی خەمۆکی، گۆشەگیری، هەستکردن بە تەنیایی، لادانی دەروونی و ژیری زیادکردووە، سەرەڕای زیادبوونی حاڵەتەکانی هەژاری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەوڵەکانی خۆکوشتن لەناو منداڵاندا بەتایبەت لەوڵاتانی ڕۆژئاوا.
توێژینەوەکە دەڵێت، ڕێکكارەکانی کۆرۆنا هەمووانی ڕووبەڕووی دۆخی دەروونیی نائاسایی کردووەتەوە، بەڵام منداڵان ئەو دەستەیەن کە ڕێکكارەکان بە توندیی کاریگەرییان هەبووە لەسەریان چ کاریگەریی مامناوەند چ کاریگەریی درێژخایەن.
باسی لەوە کردووە، کۆرۆنا لەلای 40%ی منداڵان هۆکاری سەرەکیی نیگەرانییەکانیانە، ئەمەش حاڵەتە لەناکاوە دەروونییەکانی زیاترکردووە، ڕێژەی لادان لە سیستمی خۆراکی و هەڵسوکەوتی منداڵان بەوهۆیەوە بەرزبوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن منداڵانەوە بەهۆی ڕێكکارەکانی کۆرۆناوە تائاستێک زیادیکردووە کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە.
تویژینەوەکە منداڵانی کاریگەر بە ڕێکكارەکانی کۆرۆنای کردووە بە سێ بەشەوە:
یەکەم: ئەو منداڵانەی پێشتر هیچ جۆرە لادانێکی دەروونییان نەبووە، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە حاڵەتەکانی گۆشەگیری، قورسی لە نووستن، هەستکردن بە ناپارێزراوی و خەمۆکیی قووڵ تێیاندا دەرکەوتووە.
دووەم: ئەو منداڵانەی هۆکارە بۆماوەییەکانی تووشبوون بە لادانی دەروونی و ژیرییان تێدایە بەڵام پەتای کۆرۆنا پاڵنەرێک بووە بۆ دەرکەوتن تێیاندا.
سێیەم: ئەو منداڵانەی تووشبووی ئەو نەخۆشییانەن و کۆرۆنا نەخۆشییەکەی تێدا قوڵترکردوونەتەوە.
توێژینەوەکە داوا لە وڵاتان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکات پاڵپشتیی پێویست پێشکەش بە ڕێکخراوی یونسکۆ بکەن بەمەبەستی هاوکاریکردنی وڵاتانی تازە گەشەسەندوو و هەژار بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی چاودێریکردنی منداڵان و نەوجەوانان کە تووشی لادانی دەروونی و ژیری بوون.