مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، دەستپێشخەرییەكی لە خزمەتی عێراقدا خستووەتە ڕوو، لەو نێوەندەدا نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبووسی-ی ناردووە بۆلای سەدر، دەستپێشخەرییەكە هاوكاتە لەگەڵ پەیامی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئێران لەبارەی حكومەتی نوێی عێراق و لێكەوتەكانی.
لە پەیامێکدا مەسعود بارزانی ڕایگەیاندووە، “لەپێناو چارەسەری گیروگرفتەكان و ڕەخساندنی كەشێكی گونجاو و باش بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق، دەستپێشخەرییەكی سیاسیم خستووەتەڕوو، لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا پێشنیارم كردووە نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبووسی سەردانی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر بكەن، لەسەر چۆنیەتیی بەردەوامبوونی پڕۆسەی سیاسی و نەهێشتنی كۆسپ و گرفتەكان ڕاوێژ بكەن”.
بارزانی وتوشیەتی، “هیوادارم ئەم دەستپێشخەرییە ئەنجامی ئیجابی هەبێت و لە بەرژەوەندیی عێراق و هەموو پێكهاتەكانیدا بێت”.
لەو نێوەندەدا، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، گەیشتووەتە نەجەف، بۆ ئەوەی لە حەنانە لەگەڵ موقتەدا سەدر كۆببێتەوە.
دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی لەکاتێکدایە، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئێران لەگەڵ بەرپرسانی پارتیدا کۆبووەتەوە و لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و پرسی سەرۆك كۆمار و لێكەوتەكانیان، پەیامی ڕوونیان بە پارتی داوە.
هەوڵەكەی مەسعود بارزانی بەشێكی زۆری پەیوەندیی بە ناكۆكیی لایەنە شیعییەكانەوە هەیە، دەیەوێت ڕێكیان بخات، لەكاتێكدا بەهۆی كاندیدكردنی هۆشیار زێباری-ی خاڵی، لە هەرێمی كوردستان ناكۆكی و لێكترازانەی ناوەتەوە.