وەرزی دووەمی ئەمساڵی خوێندن دەستپێدەكات

بڕیارە سبەی وەرزی دووەمی ئەمساڵی خوێندن دەستپێبكات، وەزیری پەروەردە دەڵێت، لە هەندێك ناوچە چەند تاقیكردنەوەیەك ماون ئەنجامدەدرێن و ڕوونیشیدەكاتەوە، ساڵنامەی خوێندن بۆ وەرزی دووەم هەمواركراوەتەوە.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، بڕیارمانداوە سبەینێ بگەڕێینەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن، گەڕانەوەشمان بۆ ناوەندەکانی خوێندن لەسەر بنەمای خۆپارێزی دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی وەرزی یەكەم بە باشی بەڕێوەچوو.

وتیشی، لە 25ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە كۆبووەوە و ساڵنامەی خوێندنی بۆ وەرزی دووەم هەموارکردووەتەوە. ئاشكراشیكرد، لە چەند ڕۆژی كەمی داهاتوودا ساڵنامە هەمواركراوەكە و ڕێنماییەكانیشی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەكانەوە بڵاودەكرێتەوە.

ئالان حەمەسەعید ئەوەشی خستەڕوو، لە دهۆك و سلێمانی و چەند ناوچەیەكی دیكە تاقیكردنەوەیەك یان چەند تاقیكردنەوەیەك ماوە ئەنجامبدرێن، دوا ئەنجامدانیان ڕاستەوخۆ لەو ناوچانە دەستدەكرێت بە وەرزی دووەم.

دەربارەی وەرگرتنی ڤاكسینیش لەلایەن مامۆستایانەوە وەزیری پەروەردە باسی لەوەكرد، پرۆسەكە باشە و بەردەوامە، تائێستا نزیكەی 100 هەزار مامۆستا ڤاكسینیان وەرگرتووە.

لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسانیش دەربارەی پلەبەرزكردنەوە كە بەمدواییە هەڵمەتێك بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی دەستیپێكردووە، ئالان حەمەسەعید وتی، “ئەو بابەتە تەنیا وابەستە نییە بە وەزارەتی پەروەردەوە، بەڵكو وابەستەیە بە كۆی گشتی فەرمانبەرانی كوردستان، ئەوەش هەڵسەنگاندن و ڕای وەزارەتی دارایی پێویستە و دەبێت لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی دۆخی دارایی بێت، ئەم بابەتە هی تەنها وەزارەتێك نییە، تا وەزارەتەكە بەتەنها بڕیاری لێبدات”.

بابەتی پێشتر

چێوەی هەماهەنگی: ئەگەر لە حكومەتدا بەشدارنەبین تەمەنی لە ساڵێك تێپەڕناكات

بابەتی دواتر

یەكگرتوو بۆ یەكێتی و پارتی: لەسەر كاندیدێك ڕێكبكەون ئەگەرنا هەڵوێستمان دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share