قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە ئێرمان تۆپجو، كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان و پێكەوە تاوتوێی چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولایان كرد.
لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی سێشەممە بەڕێوەچوو، باس لە دوایین بەرەوپێشچوونەكانی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا كرا و لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختیكردەوە هەرێمی كوردستان پشتیوانی سەركەوتنی پڕۆسەكەیە و هەر ئەركێك بكەوێتە سەرشانی جێبەجێیدەكات.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە دۆخی ناوچەكە كرا و لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەیدا بەوەی كە پێویستە هەموو لایەنەكان لە رێگای گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەوە كێشەكان چارەسەربكەن و یارمەتیدەربن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.
سەبارەت بە هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمیش، قوباد تاڵەبانی روونیكردەوە گفتوگۆكان بە شێوەیەكی باش و ئەرێنی بەڕێوەدەچن و هیوای خواست لە نزیكترین دەرفەتدا پارتی و یەكێتی رێك بكەون لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز و كارا و یەكگرتوو.