دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند کە تەرمی نۆ کۆچبەری کورد لە ئەسینای پایتەختی یۆنانەوە دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان و چواریان ئەمڕۆ دەگەنەوە فڕۆکەخانەی هەولێر.
پێشتر دەزگای لوتکە بۆکاروباری پەنابەران ئاشکرایکرد، نۆ کۆچبەری هەرێمی کوردستان کە لەدەریای ئیجەدا لەسنوورەکانی وڵاتی یۆنان خنکاون و تەرمەکانیان ناسراونەتەوە دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان و چوار لەو تەرمانە لە 27ی کانونی دووەم بەڕێکراون لە ئەسیناوە و ئەمڕۆ 29ی کانونی دووەم لەکاتژمێر 5:00ی ئێوارە دەگەنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
ئەو چوار کۆچبەرەی ئەمڕۆ تەرمەکانیان دەگەنەوە هەرێمی کوردستان سەرجەمیان خەڵکی پارێزگای سلێمانین.
بەپێی ڕاگەیەندراوی دەزگای لوتکە، پێنج تەرمەکەی دیکە ئەمڕۆ 29ی کانونی دووەم لە ئەسیناوە بەڕێدەکرێن و لە ڕۆژی 1ی شوباتدا دەگەنەوە هەرێمی کوردستان و ڕادەستی کەسوکاریان دەکرێنەوە.
ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، هەشت کۆچبەریان لەڕەگەزی مێ و یەکێکیان لەڕەگەزی نێرە، سەرجەمیان لە23ی 12ی 2021 لە دەریای ئیجە نزیک دوورگەی ئاتیکیثیرای یۆنان بەهۆی نوقمبوونی بەلەمەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا.