سزا ئامادەكراوەكانی ئەمریكا لە شادەمارەكانی ڕوسیا دەدەن

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایکردووە، ئەو سزایانەی ئیدارەی جۆ بایدن دژی ‏ڕوسیا ئامادەیکردووە، بانکەکانی ڕوسیا، کۆمپانیا حکومییەکان و داهاتە بنەڕەتییەکانی ‏وڵاتەکە دەکەنە ئامانج.‏

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەکە، ئیدارەی ئەمریکا دوایین جووڵەکانی بۆ سەپاندنی سزا ‏بەسەر ڕوسیادا دەستپێکردووە، بەرپرسانی ئیدارەی بایدن بە ڕۆژنامەکەیان وتووە، “ئەو ‏سزایانەی ئەمریکا بەنیازە بەسەر ڕوسیادا بیانسەپێنێت، لەماوەی چەند دەیەی پێشوودا ‏هاوشێوەی نەبووە”. ‏

هەرچەندە تائێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەیەوە نەدراوە، بەڵام سزاکان ژمارەیەک لە بانکە ‏گەورەکانی ڕوسیا، ڕێکار بەرامبەر قەرزەکانی ئەو وڵاتە و کردنە ئامانجی داهاتە ‏سەرەکییەکانی ڕوسیا لەخۆدەگرێت.‏

لەماوەی چەند ساڵی پێشوودا ڕوسیا هەوڵیداوە پەرە بە سیستمی ئابوریی وڵاتەکەی بدات، ‏بە کەمتر پشتبەستن بە دراوە بیانییەکان لە یەدەگەکانیدا، هەوڵدان بۆ کەمترین پشتبەستن بە ‏قەرزە دەرەکییەکان، هەروەها کارکردن لەبواری نەوت و گاز، کە یەکێکە لە سەرچاوە ‏گرنگەکانی داهات لە ڕوسیا.‏

وۆڵ ستریت جۆرناڵ لەزاری ئەو بەرپرسە ئەمریکییانەوە دەڵێت، “سزاکانی ئەمریکا ‏بۆسەر ڕوسیا بەشێوەی پلە بە پلە نابێت، بەڵکو بەشێکی بەرفراوانی دامەزراوەکانی ‏ڕوسیا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەکاتە ئامانج”. ‏

ئێمیلی هۆرن، وتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە ڕۆژنامەکەی وتووە، “ئێمە و ‏هاوبەشەکانمان کۆمەڵێک سزای تەواو توندمان بۆسەر ڕوسیا ئامادەکردووە و لەهەر ‏کاتێکدا ڕوسیا هەوڵی داگیرکردنی ئۆکرانیا بدات، سزاکان جێبەجێ دەكرێن”.‏

بەوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکان، “هاوبەشە ئەوروپییەکان ئێستا هەماهەنگییەکی زیاتریان ‏لەگەڵ ئەمریکا هەیە بەراورد بە ساڵی 2014، (ئەوكات كە هەرێمی كریمیا لەلایەن ‏ڕوسیاوە داگیركرا)، بە لەبەرچاوگرتنی خواستی ئەمجارەی ڤلادمێر پوتین بۆ داگیرکردنی ‏ئۆکرانیا”. ‏

ئەمریكییەكان پێیانوایە، “ئەوروپا لەوە تێدەگات ئەگەر بمانەوێت خواستەکانی ڕوسیا ‏بگۆڕین،  دەبێت ئامادەبین بۆ سەپاندنی سزای توند بەسەر ئەو وڵاتەدا”.‏

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئەڵمانیا ڕایگەیاند، هەر هەنگاوێکی ڕوسیا بۆ داگیرکردنی ‏ئۆکرانیا ڕووبەڕووی سزای مەترسیداری دەکاتەوە. ‏

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ تەرمی چوار کۆچبەر دەگەنەوە هەرێمی کوردستان

بابەتی دواتر

عێراق دەست بە پیشەسازیی جەنگی دەكاتەوە و چەكی سووك و مامناوەند بەرهەمدەهێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share