سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ كۆبووەوە و پرسی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری تاوتوێكرد و وادەی پەسەندكردنی ناوی كاندیدان و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری دیاریكرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنەكە كۆبووەتەوە و حوكم و ڕێككارەكانی پەیوەست بە كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری تاوتوێكردووە و بڕیاریداوە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو 31ی كانوونی دووەم ناوی كاندیدانی پۆستی سەرۆك كۆمار ئەوانەی مەرجە یاساییەكانیان تیادان ڕابگەیەنێت، ئەوەش دوای تەواوكردنی ڕێوشوێنە یاساییەكان بەپێی یاسای حوكمەكانی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ژمارە 8ی ساڵی 2012.
سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆژی دووشەممە 7ی شوباتی داهاتووی دیاریكردووە بۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران كە تیایدا سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت، وەك ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرایكردووە.