وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسنامەی ئاراستەی پێشمەرگەیەک کردووە لە فەوجی سێ لە لیوای حەوتی پیادە، لەپای ئەوەی کاتێک مووچەی وەرگرتووە، بڕێک پارەی زیادتری پێدراوە و دواتر گەڕاندوویەتییەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ئەو حاڵەتەوە دەڵێت، “پێشمەرگەیەک بەناوی (بژار خورشید ئەحمەد) پێشمەرگە لە فەوجی سێ لیوای حەوتی پیادە، لە کاتی وەرگرتنی مووچە لە یەکێک لە بانکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕێک پارەی زیادەی وەرگرتبوو، ناوبراو هەستاوە بە گەڕاندنەوەی بڕە پارە زیادەکە”.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کردووە، “لەبەرامبەردا لیوای حەوتی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسنامەیەکی ئاراستەی بژار خورشید ئەحمەد کردووە، لەپای دەستپاکییەکەی”.
بەپێی ئەو خشتەیەی کە حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشکراوە.