لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کەسوکاری کۆچبەرە بێسەروشوێنبووەکانی كۆتایی ساڵی ڕابردووی دەریای ئیجە گردبوونەوە، داوادەکەن حکومەتی هەرێم هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووەكان دەستپێبکات.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، نوێنەری کەسوکاری ئەو کۆچبەرانە ڕایگەیاند، لە 21ی کانونی یەکەمی 2021 بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجەی نێوان تورکیا و یۆنان نوقمبوو، کە لەکۆی 70 کۆچبەر تەنها 13 کۆچبەریان ڕزگاریان بووە و 57یان بێسەروشوێنن.
بەپێی وتەی کەسوکاری ئەو کۆچبەرانە، لەو 13 کەسەی لە بەلەمەکە ڕزگاریان بووە، حەوتیان کوردن.
ئەو بەلەمەی نوقم بووە 70 کۆچبەری تێدابووە، لەو ژمارەیە 28 کۆچبەریان کوردبوون.
نوێنەری کەسوکاری کۆچبەرەکان ڕایگەیاند، “تائێستا 12 تەرم دۆزراونەتەوە، نمونەی تێستی کەسوکارەکانیان لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، بەڵام هیچ وەڵامێکمان نەدراوەتەوە لە ئەنجامەکانی”.
داواشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لەڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، کونسوڵخانەی یۆنان لە عێراق و کونسوڵخانەی عێراق لە یۆنان و هەروەها حکومەتی هەردوو وڵاتەوە، چارەنووسی ئەو کۆچبەرە بێسەروشوێنانەیان دیاریبکەن.
ڕەخنەی ئەوەشیان لە حكومەتی هەرێم و هەردوو حكومەتی عێراق و یۆنان گرت، كە خەمساردن بەرامبەر بە دۆسیەكە و وەڵامیان نادەنەوە.