کەشناسیی هەرێمی کوردستان شەپۆلی بارینی باران و بەفری كۆتایی ئەم هەفتەیە دووپاتدەكاتەوە، پێشبینیكردووە، بەفربارینەكە سلێمانی و هەڵەبجە بگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ”ڕۆژى چوارشەممە لە شەودا نزمەپاڵەپەستۆى دەریاى سپى ناوەڕاست ڕوو لە ناوچەکەمان دەکات، ڕۆژى پێنجشەممە کاریگەرىی ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان چالاکتردەبێت، تەواوی ناوچەکەمان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەم شەپۆلە، لەگەڵ بارانبارین، بارستەهەوایەکى سارد لەگەڵ ئەم نزمەپاڵەپەستۆیەدا دەبێت و بەفربارینیش لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات”.
بەپێی ئەو پێشبینییەی کەشناسی بڵاویکردووەتەوە، لە سەنتەرى پارێزگاى هەولێر نمەباران و ناوچەکانى تر بارانى مامناوەند دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێریش بەفر دەبارێت، هەروەها لە سەنتەری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە سەرەتا نمەباران دەبێت، پاشان دەگۆڕێت بۆ بارانى مامناوەند.
کەشناسی ڕاشیگەیاندووە، لە سەنتەرى سلێمانى و هەڵەبجە و تەواوى ناوچە بەرزاییەکانى ئەو سنوورە بەفربارین دەستپێدەکاتەوە، لە دهۆکیش جگە لەناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بارینی بەفر لە ناوەندی شار هەیە.
پێشبینییەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو، کاریگەریی ئەم شەپۆلە تا کاتەکانى بەرەبەیانى ڕۆژى هەینى دەمێنێتەوە، لە ماوەى شەپۆلەكەدا پلەکانى گەرما نزمدەبنەوە بە دوو تا سێ پلە بە بەراورد بە ئەمڕۆ.