خەڵکی سەردەشت هەرچیان هەبێت دەیفرۆشن و دەڕۆن بەرەو ئەوروپا

کۆمەڵێک کۆچبەر لە ڕێگەی ئەوروپادا

ئەمە وتەی نوێنەری خەڵکی سەردەشتە لە پەرلەمانی ئێران، کە لەسەر کاردانەوەی گیانلەدەستدانی خێزانێکی پێنج کەسی لە ڕێگەی فەرەنسا بۆ بەریتانیا وتەکانی دا بە گوێی بەرپرسانی ئێراندا.

کەمال حسێن پور، نوێنەری خەڵکی سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپەرلەمانی ئێران رایگەیاند، “ئێستا دۆخی ئابوری خەڵکی ناوچەکە وایلێهاتووە هەرچی هەبێت دەیفرۆشێت و ڕێگەی ئەوروپا دەگرێتەبەر”.

پەرلەمانتارە کوردەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، “جاران دەبینرا گەنجێک وڵاتەکەی خۆی جێدەهێڵێت، کەچی ئێستا وڵات جێهێشتن بووە بە خێزانی و بەیەکجاری خەڵکی لەم خاکە دەچێتە دەرەوە”.

بەپێی ئامارێک کە پەرلەمانتارەکە پشتی پێبەستووە لەماوەی تەنها پێنج مانگدا زیاتر لە هەزار گەنجی سەردەشتی ڕێگەی ئەوروپایان گرتووەتەبەر.

کۆمەڵێک هۆکارهەن کە گەنجانی سەردەشت و دەوروبەری ناوچەکانی خۆیان بەجێدەهێڵن کە گرنگترینیان دۆخی سەختی ئابوری خەڵکەکەیەتی.

پێشتر بەهۆی کرانەوەی مەرزە لاوەکییە نافەرمییەکانەوە خەڵكی سەردەشت و بانە قازانجێکی ئابوری باشیان دەکرد لە ئاڵوگۆڕی شتومەک لەنێوان هەرێم و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەڵام ئەم چەند ساڵەی کۆتایی حکومەتی ئێران کۆتایی بەم بازرگانییە هێنا.

هۆکارێکی دیکەی جێهێشتنی وڵات لەلایەن گەنجان و خەڵکی سەردەشتەوە پارەنەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵی و باخدارییەکانیانە کە پێشتر خەڵكی ئەوناوچەیە بە بەرهەمهێنانی چەندین جۆری میوە وەک سێو و گێلاس دەیانتوانی ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێبکەن.

بابەتی پێشتر

وەزیری پەروەردە: سبەی بڕیار لەسەر دۆخی خوێندن دەدرێت

بابەتی دواتر

كەنەدا یەك ملیۆن و 200 هەزار كۆچبەر وەردەگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share