پەرلەمانتارێك: هەرێم بەشێک لە نەوت و داهاتەکان نەگەڕێنێتەوە كێشەی گەورەتری بۆ دروستدەبێت

دانیشتی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران

پەرلەمانتارێكی كورد ڕایدەگەیەنێت، پەرلەمانتارانی كوتلە شیعییەكان لە لیژنەی دارایی ئێجگار توندبوون و دەشڵێت، ئەگەر هەرێم بەشێک لە نەوت و داهاتەکان نەگەڕێنێتەوە كێشەی گەورەتری بۆ دروستدەبێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەم ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ ڕەزامەندی و بەشداری فراكسیۆنە كوردییەكان پرۆژەیاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی (قەرزكردن)ی پەسەندكرد.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، تۆماری دانیشتنەکانی لیژنەی دارایی هەن، ئەوەی پێمانکراو لە دیفاع و شەڕ لەسەر 320 ملیارەکە کردمان، کوتلە شیعیەکان ئێجگار توندبوون، دەیانگوت دوو ساڵە بێ ناردنی یەک بەرمیل نەوت پارە دەنێرین و نیەت باشی نیشان دەدەین ئیدی بێ نەوت پارە نیە، وتیان هەڵبژاردن لە پێشە و خەڵکەکەمان قبوڵی ناکا.

ئەحمەد حاجی ڕەشید لە نوسینێكدا لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبوك وتیشی، “دوێنێ خالید شوانی بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم هاتە لیژنەی دارایی، وتەکانی هەموی تۆمارکراوە، دەقی نامەیەکی حکومەتی هەرێمی خوێندەوە کە لە 18ی 10ی 2020 ناردویانە بۆ حکومەتی عێراق و دەڵێن ئیلتیزام دەکەین بە ناوەرۆکی ڕێکەوتنەکەمانەوە”.

بەپێی پرۆژەیاسا پەسەندكراوەكە هەرێم بەمەرجی ڕادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ بەپێی ئەو بڕەی كۆمپانیاكە دیاریدەكات، لەگەڵ ڕادەستكردنی داهاتە نانەوتییە فیدڕاڵییەكان پشكی لەلایەن حكومەتی بەغدادەوە پێدەدرێت. لەوبارەیەوە ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، “ئەگەر هەرێم بە پەلە وەفدێک بنێرێتە بەغداد و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی بکەونە گفتوگۆ و پابەندبن بە ناوەرۆکی یاسای قەرزەوە دەتوانن لەبری 320 ملیارەکە زیاتر دەستبخەن. مەلەفی ئاڵۆزی نەوتی هەرێم لەگەڵ بەغدا هەردەبێ چارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو هەنگاوە بنرێ”.

هۆشداری ئەوەشدەدات، ئەگەر هەرێم بۆ ئەو سێ مانگە لە یاسای قەرزدا نەتوانێ بە پەلە نیەت باشی نیشانبدا و بەشێک لە نەوت و داهاتەکان نەگەڕێنێتەوە ئەوا بۆ یاسای بودجەی 2021 کە بەمزوانە دەگاتە پەرلەمان کێشەی گەورەتری بۆ دروست دەبێت. بۆیە ئێستا کاتی هەنگاوی فعلیە لەپێناو ژیان و موچەی خەڵکی هەرێم نەک هیچی تر.

بابەتی پێشتر

توركیا.. جگەرەكێشان لە شوێنە گشتییەكاندا قەدەغەكرا

بابەتی دواتر

'ئیتر سیاسەتی (هەر بێنە و هیچ نادەم) لە عێراقدا بۆ هەرێم بەردەوام نابێت'

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هەمواری یەکەمی یاسای چاودێریی کەمئەندامان و خاوەنپێداویستیی تایبەت لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکرا

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، “هەمواری یەکەمی یاسای چاودێریی کەمئەندامان و خاوەنپێداویستیی تایبەت لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکرا”. نەرمین…
Total
0
Share