هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بوونی دانیشتووانەوە ئۆپراسیۆنەكانیان بە سستی بەڕێوەدەچێت و دەشڵێت، ئەمڕۆ 300 چەكداری داعش لە حەسەكە خۆیان ڕادەستی هێزەكانیان كردووە.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، لە کاتژمێر پێنجی بەیانی ئەمڕۆ بانگەوازیان بۆ خۆڕادەستکردنی چەكدارانی داعش كردووە و دواتر هێرشیان کردووەتەسەر بینای زیندانێک کە چەكدارەكانی تێدابووە و نزیکەی 300 چەكدار خۆیان ڕادەستی هێزەکانیان کردووە.
لە بەشێكی دیكەیدا هاتووە، هێزەکانیان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنین لە گەڕەکی غوێران و “دەستبەسەرکردنی شانە تیرۆرستییەکان”، کە هەوڵیاندا هاوکاریی داعشە زیندانیکراوەکان بکەن.
هەسەدە ئاشكراشیكردووە، چەكدارانی داعش “هاوڵاتیانی نیشتەجێی شوێنەکە وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ خۆیان بەکاردەهێنن، هەر بۆیە هێزەکانمان بە وریایی و ئاگادارییەکی زۆرەوە هەڵسوکەوت دەکەن”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە شەڕی دژی شانەکانی داعشدا هەشت چەكداری ئەو گروپە کوژران و، شەڕڤانێکیش شەهید بووە.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا ئاژانسی هەواڵی هاوار-ی ڕۆژئاوای كوردستان بڵاویكردەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەپشتیوانیی شەڕڤانانی هەسەدە، دەوروبەری زیندانیی غوێرانیان لە حەسەکە کۆنترۆڵکردووە و بازنەی گەمارۆی سەر چەكدارانی داعشیان بچووكتر كردووەتەوە.