شاندی نێودەوڵەتیی ئاشتی: تووڕەین لە دیپۆرتکردنەوەی هاوڕێكانمان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە

شاندی نێودەوڵەتیی بۆ ئاشتی و ئازادی کە دوێنێ بە مەبەستی سەردانکردنی هەرێمی کوردستان ژمارەیەکیان گەیشتنە فڕۆکەخانەی هەولێر و دیپۆرتکرانەوە ڕایانگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری لە گروپەکە کرد دیالۆگ ئەنجامبدات لەگەڵ زۆربەی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، ئەو ڕێکخراوانەی دەمانویست سەردانیان بکەین، ترسێندران بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئێمە بکشێنرێنەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، “شاندەکە لە 150 کەس پێکهاتوون لە 14 وڵاتی جیاوازەوە بەمەبەستی دیالۆگ لەگەڵ پەرلەمانتاران، پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەنیازبووین سەردانی هەرێمی کوردستان بکەین، بەڵام  بەشێکیان لە هەرێمی کوردستان دیپۆرتکرانەوە و بەشێکیشیان لە فڕۆکەخانەی ئەڵمانیا دەستگیرکران و ڕێگرییان لێکرا”.

ئاماژە بەوەشکراوە، “حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری لە گروپەکە کرد دیالۆگ ئەنجامبدات لەگەڵ زۆربەی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، ئەو ڕێکخراوانەی دەمانویست سەردانیان بکەین، ترسێندران بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئێمە بکشێنرێنەوە، بەشێکی گەورەی شاندەکە نەیتوانی بگاتە کوردستان، 40 کەس تائێستا دیپۆرتکراونەتەوە، یان دیپۆرت دەکرێنەوە، زیاتر لەوەش، لانی کەم 27 کەس لە فڕۆکەخانەی دوسڵدۆرف لە ئەڵمانیا ڕێگرییان لێکرا بڕۆن بەرەو کوردستان”.

نیگەرانیی خۆیان لەو ڕەفتارە دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە، “ئێمە زۆر تووڕەین بە دیپۆرتکردنەوەی هاوڕێ نێودەوڵەتییەکانمان، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدرا، ئێمە نێودەوڵەتین و نوێنەرایەتیی هیچ پارتێکی کوردی یان بزوتنەوەیەکی سیاسی تایبەت ناکەین، ئێمە لە دژی داگیرکردنی کوردستان لەلایەن وڵاتانی دەرەکییەوە دەوەستینەوە، ئێمە لێرە نین بۆ ئەوەی لە دژی هیچ پارتێکی کوردی بوەستینەوە، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە، ئێمە ئەمانەوێت پشتگیری دیالۆگ بکەین لەنێوان هەموو ڕا جیاوازەکاندا”.

شاندەکە دەڵێن، “حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری لە گروپەکە کرد دیالۆگ ئەنجامبدات لەگەڵ زۆربەی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، ئەو ڕێکخراوانەی دەمانویست سەردانیان بکەین، ترسێندران بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئێمە بکشێنرێنەوە”.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا چەند داواکارییەکیان خستووەتەڕوو و دەڵێن، ” هەر کەسێک پەیوەندیی بە شاندەکەوە کردووە، کە ڕەتکراوەتەوە، دەستگیرکراوە، یان دیپۆرتکراوەتەوە لە یەکێک لە فڕۆکەخانەکان، ئازاد بکرێن و رێگەیان پێبدرێت پەیوەندی بە شاندەکەوە بکەن، دەبێت سوپای دەوڵەتی تورکیا دەستبەجێ لە هەرێمی باشووری کوردستان بکشێتەوە”.

دەقی ڕوونکردنەوەی شاندەکە:

بۆ میدیا و ڕای گشتی

ئێمە وەک شاندێک لە سەرانسەری ئەوروپا، سەردانی کوردستانمان کرد بە ئامانجی ئاشتی و ئازادی، سیاسەتمەدار، ئەکادیمی، چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ، ئەندامانی سەندیکا، ڕۆژنامەنووس، فیمینیست و ژینگەناس لە 14 وڵاتەوە دەمانویست کاریگەریی ڕاستەوخۆمان لەسەر دۆخەکە هەبێت و لە دژی شەڕ و وێرانکاری لە چیاکانی کوردستان بووەستینەوە، لەگەڵ 150 کەس، دەمانویست دیالۆگ ئەنجامبدەین لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە هەموو پارتە سیاسییەکان و سەردانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بکەیەن، بۆ ئەوەی بەشداربین لە دیالۆگی نێوان پارتە سیاسییە جیاوازەکانی کوردستان.

داگیرکاریی سوپای تورکیا پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و بێگومان قبوڵکراو نییە، ئێمە نیگەرانین دەبینین وڵاتانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بێدەنگی ماونەتەوە و بێکردارن لەسەر کێشەکە و هیچ کردەیەک ئەنجام نادەن، بۆ ئەوەی تورکیا پابەند بکەن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسای مافەکانی مرۆڤ.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری لە گروپەکە کرد دیالۆگ ئەنجامبدات لەگەڵ زۆربەی پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، ئەو ڕێکخراوانەی دەمانویست سەردانیان بکەین، ترسێندران بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئێمە بکشێنرێنەوە، بەشێکی گەورەی شاندەکە نەیتوانی بگاتە کوردستان، 40 کەس تائێستا دیپۆرتکراونەتەوە، یان دیپۆرتدەکرێنەوە، زیاتر لەوەش، لانی کەم 27 کەس لە فڕۆکەخانەی دوسڵدۆرف لە ئەڵمانیا ڕێگرییان لێکرا بڕۆن بەرەو کوردستان.

ئێمە زۆر تووڕەین بە دیپۆرتکردنەوەی هاوڕێ نێودەوڵەتییەکانمان، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدرا، هەروەها نیگەرانین لە ڕێگریكردن لە گەشتی ئەو کەسانە بەبێ بوونی هیچ بنەمایەکی یاسایی بە بیانووی ئەوەی “وادەردەكەوێت سیاسی بن”، ڕووماڵی میدیایی ئازاد و بەشداریکردنی کۆمەڵگەی دیموکراسی بەشی بنچینەیی هەر دیموکراسییەتێکە و هیچ هۆکارێکی یاسایی نییە بۆ ئەو فشارەی ئێمە ڕووبەڕووی دەبینەوە.

بۆ ئەوەی پشتگیریی ئاشتی بکەین، ئێمە هیچ ئازارێکمان بەشنەکردووە و بەخێرهاتنیش کراوین لە باشووی کوردستان، ئێمە گەشتمان ئەنجامداوە بۆ بینینی شوێنە کلتوری، ئاینی و مێژووییەکان و بانگهێشتیشکراوین بۆ گفتوگۆی لەگەڵ بابا شێخ لە کامپی ئێزیدییەکان لە شاریا، کە هەفتەی رابردوو ئاگرێکی گەورەی تێدا کەوتەوە، قسەمان لەگەڵ خەڵکەکە کرد، کە کەوتبوونە ژێر کاریگەریی شەڕ، ئاوارەبوون و وێرانکاری، ئەو دۆستایەتی و میواندارییەی ئێمە ئەزموونمانکرد لەو خەڵکانەی لێرە دەژین (کامپەکە)، دڵمان گەرم دەکاتەوە و زیاتریش هانمان دەدات کاربکەین بەرەو ئامانجەکەمان، ئێمە لێرەین بۆ پشتگیریی کورد لە کوردستان، بە هەموو نەتەوە و ئاینێکەوە.

ئێمە نێودەوڵەتین و نوێنەرایەتی هیچ پارتێکی کوردی یان بزوتنەوەیەکی سیاسی تایبەت ناکەین، ئێمە لە دژی داگیرکردنی کوردستان لەلایەن وڵاتانی دەرەکییەوە دەوەستینەوە، ئێمە لێرە نین بۆ ئەوەی لە دژی هیچ پارتێکی کوردی بوەستینەوە، بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە، ئێمە ئەمانەوێت پشتگیری دیالۆگ بکەین لەنێوان هەموو ڕا جیاوازەکاندا، ئەمە دەربارەی کێشەیەکی کورد نییە، بەڵکو دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و سوپای تورکیایە، ئەم دۆخە تەڵەیەکە، كە ئاڵۆزی لەنێوان کورد دروستدەکات، لەگەڵ نیگەرانیی ئەوەی بەرەو ئەگەری شەڕ و پێکدادان بڕوات، کە ئەوەش ئاشتی و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە مەترسییەوە.

ئەوەش خواستی خێرای ئێمەیە لەوبارەیەوە هۆشداری بدەینە هەموو کورد، داوای دەستکردن و بەردەوامبوون بە دیالۆگ بکەین، دەبێت چارەسەرێکی سیاسی بدۆزرێتەوە و پێویستیشە پێکەوە بوەستین لەدژی هەڕەشەی دەرەکی، لەبەرئەوە داواکارییەکانمان ئەمانەن:

١. هەر کەسێک پەیوەندیی بە شاندەکەوە کردووە، کە ڕەتکراوەتەوە، دەستگیرکراوە، یان دیپۆرتکراوەتەوە لە یەکێک لە فڕۆکەخانەکان، ئازاد بکرێن و رێگەیان پێبدرێت پەیوەندی بە شاندەکەوە بکەن.

٢. پێویستە هەموو پارتە کوردییەکان بگەڕێنەوە بۆ دیالۆگ لەگەڵ یەکتر.

٣. داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە مرۆییەکان و دامەزراوە سیاسییەکان دەکەین پشتگیریی ڕێگەچارەی ئاشی بکەن، دەبێت سوپای دەوڵەتی تورکیا دەستبەجێ لە هەرێمی باشووری کوردستان بکشێتەوە.

کورد چیاکانی هەیە، بەڵام ئەمڕۆ هاوڕێشیان هەیە، هەموو هاوڕێکانی کورد داوایان لێدەکرێت هەستن، پەیامەكە بڵاوبکەنەوە و بەشداربن لە پرۆسەی ئاشتی و هەموومان پێکەوە بەشی خۆمان دەکەین بەهاوسۆزی.

شاندی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و ئازادی لە کوردستان

هەولێر – ١٣/٦/٢٠٢١

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتارێك: ناكۆكی لە بۆچوونی لیژنەكەی سەرسنووردا هەیە و پێدەچێت نەتوانن ڕاپۆرتی كۆتایی بنوسن

بابەتی دواتر

چیچانییەکان، سەرسەختترین نەتەوەی جیهان

بابەتی پەیوەندیدار