حكومەتی چین دەڵێت، پێدەچێت گۆڕاوە نوێیەكەی كۆرۆنا (ئۆمیكرۆن) لەڕێگەی پۆستەوە گواسترابێتەوە بۆ چین.
دامەزراوەی خزمەتگوزاریی پۆستە لە چین ڕایگەیاند، سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئۆمیكرۆن لە چین، پێدەچێت پۆستێك بێت كە لە كەنەداوە گەیشتبووە پەكین.
دەسەڵاتدارانی چین داوا لە هاوڵاتییانیان دەكەن خۆیان بەدووربگرن لە كڕین و هاوردەكردنی كاڵا و شمەك لە دەرەوەی وڵاتەكەوە. داواشیان لێدەكەن زیاتر پابەندی ڕێككارەكانی خۆپارێزی ببن و دەستكێش و دەمامك بەكاربهێنن، بەتایبەت لەكاتی وەرگرتنی ئەو پۆستانەی لە دەرەوەوە هاوردەكراون.
دامەزراوەی خزمەتگوزاریی پۆستە لە چین پێیوایە یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە ئۆمیكرۆن لە چین سەرچاوەكەی پۆستێك بێت كە مانگی ڕابردوو لە دەرەوەوە هاوردەكراوە و فەرمانیكردووە بە كارمەندەكانی هەموو پۆستەكان پاكژ و دەرمانڕێژبكەن بەرلەوەی ڕادەستی خاوەنەكانیانی بكەن.
یەكەم جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنا كە كۆڤید – 19یە لە كۆتایی ساڵی 2019دا لە چین سەریهەڵدا. تا ئێستا ڕاستیی چۆنێتیی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە نەزانراوە، ئەمریكا دەڵێت چین لە تاقیگەدا دروستیكردووە، لە بەرامبەردا چین جەختدەكاتەوە كە لەڕێگەی خۆراكی هاوردەكراو لە وڵاتانەوە كۆڤید – 19 لە ووهان بڵاوبووەتەوە.