هێرشەكانی بەغداد.. ‏هۆشداری لە توندوتیژیی نوێ و پەرتبوونی زیاتری ماڵی شیعی

گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران دەجەنگن بۆ ‏سەرلەنوێ دووپاتكردنەوەی هێز و دەسەڵاتیان

بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد و هەڵدانی بۆمبی دەستی بۆناو نوسینگەی ‏لایەنە ڕكابەرەكانی گروپەكانی نزیك لە ئێران، مەترسیی سەرهەڵدانی شەپۆلێكی نوێی ‏توندوتیژی لە عێراق لێدەكرێت، ئەمە جگە لە ئەگەری كاریگەریی حراپی لەسەر ‏پەیوەندیی نێوان دوو باڵە شیعییەكە، سەدر و چێوەی هەماهەنگی.‏

ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریكی دەڵێت، هێرشەكانی هەردوو ڕۆژی ‏پێنجشەممە و هەینی ئاماژەیە بۆ گۆڕانكاری لە ئامانجی گروپە چەكدارەكاندا، دوای ئەوەی ‏شوێنی مەدەنی كرانە ئامانجی هێرشەكان، لەكاتێكدا تائێستا هیچ لایەنێك ‏بەرپرسیارێتییەكەی ڕانەگەیاندووە.‏

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕۆژی پێنجشەممە برینداربوونی منداڵ و ژنێكی ڕاگەیاند بەهۆی ‏كەوتنەوەی ژمارەیەك مووشەك لە ناوچەی سەوزی ناوەڕاستی بەغداد.‏

ناوچەی سەوز، كە بارەگای ژمارەیەك لە باڵیۆزخانەكان لەخۆدەگرێت ڕووبەڕووی ‏هێرشی مووشەكی بووەوە كە لە ناوچەی دۆرەی باشووری بەغداوە كراون، بەپێی ‏ڕاگەیەنراوێكی شانەكە.‏

تەقینەوەكان بەرۆكی بارەگای چەند حزب و لایەنێكیشی گرتووە، لەوانە بارەگای پارتی و ‏هێزە سونییەكان.‏

سەرچاوەكانی پۆلیسی عێراق ڕایانگەیاند، بۆمبێكی چێندراو بارەگای حزبی “تەقەدوم”ی ‏كردووەتە ئامانج كە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ‏سەرۆكایەتیی دەكات و بووەتە هۆی برینداربوونی دوو پاسەوان و زیانگەیاندن بە بیناكە.‏

هێرشێكی هاوشێوە بەرەبەیانی پێنجشەممە کرایەسەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی ‏كوردستان لە بەغداد، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتەوە.‏

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمریكییەكە گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران دەجەنگن بۆ ‏سەرلەنوێ دووپاتكردنەوەی هێز و دەسەڵاتیان لە وڵات دوای ئەو شكستەی لە ‏هەڵبژاردنەكەی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو بەسەریاندا هات.‏

ئەمەش لەكاتێكدایە موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر چەند جارێك جەختی لەسەر ‏پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی كردووەتەوە، كە هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆی ‏دوورخستنەوەی گروپە چەكدارەكانە لە حكومەتی داهاتوو.‏

ڕێگای فشار
لاهیب هیگڵ، گەورەی شیكەرەوەكانی عێراق لە گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان، دەڵێت، ‏ئەم هێرشانە “ڕێگایەكە بۆ فشارخستنەسەر سەدر و بیرهێنانەوەی لەوەی مەترسیی ‏هەڵایسانی كاری توندوتیژانە هەیە، لەحاڵێكدا ئەگەر گروپەكان نەخاتە ناو حكومەتی ‏نوێوە”.‏

وۆڵ ستریت لە زاری هیگڵ دەڵێت، “ئەوەی ئەو گروپانە بە سەدری دەڵێن ئەوەیە، كە ‏بەرپرس دەبیت لەبەر ئەوەی هەمووانت نەخستە نێو گرێبەستی پێكهێنانی حكومەت”. ‏ئەوەشی وت، “پێشتر ئەم دابەشكارییەمان لەنێو ماڵی شیعەدا بەدینەكردووە”.‏

ئیحسان شمەری، سەرۆكی ناوەندی بیری سیاسی دەڵێت، هێرشەكانی ئەمدواییە هەڵگری ‏‏”پەیامی سیاسی و هەوڵی تێكدانی دۆخی ئەمنییە وەك یەكێك لە ئامانجەكان، كە هەندێك ‏لەلایەنە سیاسییەكان ڕووبەڕووی هەندێك گروپی دیكەی دەكاتەوە بەمەبەستی بەربەست ‏دروستكردن لەبەردەم حكومەت، یان ئیحراجكردنی لەپاش پێكهێنانی”.‏

ماڵپەڕی حورە لە زاری شمەری وتی، “سروشتی ململانێی سیاسی لەنێو هێز و لایەنە ‏شیعیەكاندا ڕەنگدانەوەی گەورەی دەبێت لەسەر شەقام”، ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەم هێزانە ‏خۆیان لە بەركەوتن لەگەڵ كوتلەی سەدر یان هەنگاونان بەرەو ململانێی شیعی شیعی ‏دەپارێزن، بۆیە دەبینن بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بژاردەیەكی بەردەستە كە ‏دەكرێت بەكاربهێندرێت”.‏

شمەری دووپاتیشیكردەوە، ئەنجامدەری هێرشەكان دەیانەوێت نامەیەك بگەیەنن كە ‏ناوەرۆكەكەی ئەوەیە “ئەگەر هەندێك لایەنی سیاسیی گروپە چەكدارەكان یان هێزەكانی ‏چێوەی هەماهەنگی بێبەش بكرێن، دۆسیەی ئەمنی دەبێتە ئەو كارتە و دەكرێتە ئامانج”.‏

هەروەها ئەحمەد یونس، شارەزای یاسایی لە كاروباری دەستوری و شیكاری سیاسی لە ‏لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت، “سەدرییەكان هەنگاو بەرەو پێكهێنانی حكومەتی ‏زۆرینەی نیشتمانی دەنێن، لایەنە ناڕازییەكان پێیانوایە پڕۆژەكەی سەدر دەربارەی ‏حكومەتی زۆرینە هەڕەشە لە مانەوەی شیعە دەكات لە ئایندەدا وەك زۆرینەی سیاسی”.‏

وتیشی، ئەوانیش هەموو ئەوەی لەتوانادابێت دەیكەن بۆ خۆدوورخستنەوە لە كۆنتڕۆڵی ‏سیاسی.‏

ئاژانسەكە لە زاری بەرپرسێكی حكومەتی عێراقیشەوە، كە ناوی بڵاونەكراوەتەوە، دەڵێت، ‏پێشبینی دەكات ئەندامانی سەربازگەی ئێران (مەبەستی لایەنە نزیكەكانی ئێرانە) ‏هەڕەشەی بەكارهێنانی توندوتیژی بكەن بۆ بەدەستهێنانی شوێنگەی خۆیان لە حكومەتدا، ‏بەڵام توندوتیژییەكە زیادناكەن بۆ ململانێی بەرفراوان لەگەڵ سەدر.‏

لای خۆیەوە ئیبراهیم محەمەد، كەسایەتیی سیاسیی شیعە و سەركردە لە هاوپەیمانیی فەتح ‏دەڵێت، بەردەوامیدان بەم پرۆژەیە لەلایەن سەدرییەكانەوە كە خۆی دەبینێتەوە لە ‏دوورخستنەوە و فەرامۆشكردنی هێزی شیعیی كاریگەر لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، ‏دەبێتە هۆی ڕوودانی كاردانەوەی جیاواز كە خۆی دەبینێتەوە لە بایكۆتی سیاسی و ‏ناڕەزایی میللی، دەشێت بگاتە ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداریش.‏

س: ئاژانسەكان

بابەتی پێشتر

زانایان هەڵمی ئاویان لەسەر هەسارەیەك دۆزییەوە

بابەتی دواتر

ڕوسیا نزیكبوونەوەی وادەی داگیركردنی ئۆكرانیا ڕەتدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی زانیاریی نوێ لەبارەی كۆنگرەكەی هەولێر ئاشكرادەكات

ڕۆژنامەی “نیویۆرك تایمز”ی ئەمریكی، لە ڕاپۆرتێكدا بەدواداچوونی بۆ دوایین پەرەسەندنەكانی دوای كۆنگرەكەی هەولێر كردووە، كە لەلایەن “ناوەندی پەیوەندییەكانی…
Total
0
Share