سەلەفییەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. بۆمبی تەوقیتکراو یان داردەستی دەسەڵات؟

لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا سەلەفییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سێ هێرشیان بۆسەر خەڵکی مەدەنی ئەنجامداوە، هێرشی سەلەفییەکان کاردانەوە و خوێندنەوەی جیاوازی بۆدەکرێت و حزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش پێیان وایە داردەستی دەسەڵاتن، بۆ نانەوەی ئاژەوە.

لە وڵاتێکی تەواو ئاینزا شیعەدا، ڕەنگە سەرهەڵدانی بیری سەلەفییەت کە عەقیدەیەکی سونییە ئاسان نەبێت، پرسیاری حزبەکانی ڕۆژهەڵات و ڕێکخراوەکان ئەوەیە، کە دەسەڵات چۆن ڕێگە بە چالاکی سەلەفییەکان دەدات، ئەگەر خۆی کاریان پێنەکات؟

تازەترین دەرکەوتنەوەی سەلەفییەکان

شەوی دووی ئەم مانگە چوار کەس کە خۆیان وەک سەلەفی ناساندبوو، هێرشیان کردە سەر گەڕەکی دارسێران لە شاری مەریوان و بەبیانوی فرۆشتی مەی لەو کۆڵانە هەوڵی سەربڕینی چەند کەسێکیاندابوو

ئەو چوار کەسە سەلەفییە، بە شمشێر و کڵاشینکۆف و چەقۆوە هێرشیانکردووەتە سەر چەند ماڵێک لە گەڕەکی دارسێران و پاساوی ئەوەیان هەبووە، کە لەو گەڕەکەدا مەی فرۆشراوە.

دوای هێرشی سەلەفییەکانی شاری مەریوان لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەلەفییەکان بە بیانوی خواردنی مەی پەلاماری چەند کەسێکیاندا و بە سەختی برینداریانکردن .

شەوی 15ی ئەم مانگە لەسەر ڕێگەی مەل قەڕنی شاری سەقز، گروپێکی سەلەفی بە پاساوی خواردنی مەی، بە چەقۆ هێرشیانکردە سەر چەند کەسێک و بە سەختی برینداریان کردوون.

هەڵوێستی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ڕوداوەکان

حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی سەرهەڵدانەوەی سەلەفییەت دەڵێت، “ئەو کەسانە بە هاوکاری دەسەڵات جوڵە دەکەن و داردەستی دەسەڵاتن، چونکە دوای بریندارکردنی خەڵکی کەسیان دەستگیرناکرێن و لە کاتی برینداربوونی خۆشیاندا لە نەخۆشخانە چارەسەری پێوسیتیان بۆ دەکرێت”.

بەشێوەیەکی گشتی حزبەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە دەرکەوتنی سەلەفییەکان لە مەریوان و سەقز و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات نانەوەی دووبەرەکییە لەناو کورداندا و دوریش نییە لە ئایندەدا دەسەڵات زیان لە دۆسییەی کورد بگەیەنێت بە پاساوی ڕوبەڕوبوونەوەی بیری توندڕەوی.

هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر جیهادییەکان

کۆماری ئیسلامی ئێران بەتەواوی دژی ئەو سەلەفیانە بوو کە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دروشمیان هەبوو و جیهادیان ڕاگەیاندبوو، لەماوەی 15ساڵی ڕابردوودا چەندین سەلەفی بەو تۆمەتە لە زیندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تاراندا لە سێدارەدران.

لەگەڵ ئەو هەڵوێستە توندەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ چەند مەبەستێک ئێران چەند هەندێک لە گروپەکان ئەگەر ئەو تەنها ئەندامانیان لەناو گەنجانی کورد وەرگرن و ئەندامانیان بۆ جیهاد بنێرن بۆ ئەفغانستان و دەرەوەی ئێران ئەوا گرنگیان پێنادەن، واتا ئەو گروپانەی کە ئەندامە جیهادییەکانیان دەنێرنە دەرەوەی ئێران کەمتر لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان ڕوبەڕودەبنەوە و دەخرێنە بەندیخانەوە.

دەرکەوتەی سەلەفیەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان تا ڕادەیەک نوێیە و بانگەوازیان نزیکەی 20  ساڵ بەر لە ئێستا دەستپێکردووە، لە سەرەتادا ژمارەیان و سنوری چالاکییان زۆر سنوردار بووە، بەڵام دواتر هۆکارەکانی وەک (قاعیدە ناسراوترین گروپی سەلەفی لە جیهاندا) دوای کۆتایی هاتنی جیهاد لە ئەفغانستان لە سەرەتای دەیەی 1990 و گۆڕانی قاعیدە بۆ رێکخراوێکی جیهادی ساڵی 1995 ، کاریگەری لەسەر سەلەفییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکرد.

کاتێک ساڵی 2001 (انصار الاسلام) لە ناوچەی هەورامانی باشوری کوردستان، هاوسنوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ئیمارەتی ئیسلامی بیارە)ی دامەزراند، سەلەفییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە چەند کیلۆمەترێک لەو ئیمارەتەوە دوور بوون، کەوتنە ژێر کاریگەری ئەو ئیمارەتەوە.

بابەتی پێشتر

كازمی گۆڕانكاری لە پێنج وەزیری كابینەكەی دەكات

بابەتی دواتر

بۆمبی بنزیمە دەتەقێنێتەوە؟ ئەمشەو فەرەنسییەکان چاوەڕوانی دیشامپن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share