بەهۆی سیاسەتی دارایی ئەرۆدغانەوە، وەزیرێكی پێشووی حكومەتی توركیا دەیەوێت لە پارتی داد و گەشەپێدان جیاببێتەوە.
لوتفی عەلوان وەزیری پێشووی دارایی و گەنجینەی توركیایە، یەكێكە لە سەركردەكانی پارتی داد و گەشەپێدان كە ڕەجەب تەیب ئەرۆدغان سەرۆك كۆماری توركیا سەرۆكایەتی دەكات.
ماوەیەكە سەرۆك كۆماری توركیا سیاسەتێكی دارایی تاكڕەوانە پەیڕەودەكات و ئەوەش زیانی بە لیرەی توركی گەیاندووە. ئەردۆغان پێیوایە لابردنی سوو لەسەر دراو، هەڵاوسانی نرخ چارەسەردەكات، بەڵام بەپێچەوانەوە ماوەی چەند مانگێكە لیرەی توركی بەردەوام بەشێك لە بەهاكەی لەدەستدەدات و هەڵاوسان گوزەرانی خەڵكی توركیای دژواركردووە و گەیشتووە بە ڕادەیەك، كە كڕینی زۆرێك لە خواردەمەنییەكان لەوانە گۆشت و مۆز بووەتە كارێكی نەكردەنی بۆ چینی كارگەر و كەمدەرامەتی توركیا كە ملیۆنان خێزانن.
سیاسەتەكەی ئەردۆغان ناڕەزایی لێكەوتووەتەوە، یەكێك لە دژبەرانی بڕیار و سیاسەتەكەی سەرۆك كۆمار، لوتفی عەلوان وەزیری پێشووی دارایی و گەنجینەی توركیایە، كە بەپێی میدیای ئەو وڵاتە، ناوبراو بەنیازە لە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار جیاببێتەوە.
جیابوونەوەی كەسانی نزیك لە ئەرۆدغان لە خۆی و پارتەكەی پێشینەی هەیە، ساڵی 2019 ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشووتری توركیا و عەلی باباجان كە یەكێك بوو لە وەزیرەكانی كابینەكەی، لە پارتی داد و گەشەپێدان جیابوونەوە و دوو پارتی نوێیان دامەزراند و ئێستا دژایەتیی ئەردۆغان و دەسەڵاتەكەی دەكەن.